وەک هەنگاوێک بۆ نزیککەوتنەوەی پارتی و یەکێتی، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی گەیشتە سلێمانی و بەشداری لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بوو، داوا لە هێزو لایەنە سیاسییەکان دەکەم بەرژەوەندی نیشتمان لەسەرو هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە دابنێن و ، گفتوگۆیەکی جیدی و بەرپرسیارانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بنیادنەر دەست پێ بکەن، حکومەتێک کە وەڵامگۆی سەرجەم داخوازییەکانی خەڵک بێت.
هەروەها وتی ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و لەم رۆژەشدا یادی مام جەلال بەرز دەنرخێنین.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە رایگەیاند کێشەیەکى ئەوتۆ لە بابەتى مووچەدا نییە و ئومێدى چارەسەرکردنى تەواوەتیى کێشەى مووچە هەیە.
بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمەکەدا هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کە رێگرن لە دەست پێکردنی گفتوگۆ راستەوخۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
نێچیرڤان بارزانی لە سەروبەندی رووداوەکانی ٨ی تەمموزی ناو یەکێتیش کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی دوورخرایەوە بە هەمان شێوەی ئێستا بەشداری لە مەراسیمی دەرچوانی کۆلێژەکە کرد و بافڵ تاڵەبانی هەر ئەوکات وەک کەسی یەکەمی یەکێتیی ناساند.
پێشتر بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە دیداری میری لە هەولێر رایگەیاند جیاوازی گەورە لە مامەڵەکردن لە گەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت و نمونەی دەرچووانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالانی هێنایەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *