وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، بەشێکی زۆری پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پیشمەرگە جێبەجێ کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، “پێویستە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆسەکە تەواو بکرێت و سەرجەم هێزەکان یەکبخرێنەوە.”
وەزیری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی قەڵاچوالان لە پارێزگای سلێمانی کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، “پێویستە خولی پێگەیاندنی ئەفسەران لە هەردوو کۆلێژی سەربازیی زاخۆ و قەڵاچوالان بە میکانیزمی نوێ و پێشکێشکردنی خزمەتی زیاتر بە خوێندکاران بەردەوام بێت.”
وتیشی، “چارەنووس و داهاتووی هەرێمی کوردستان بەندە بە بوونی سوپایەکی بەهێز و خاوەن توانای سەربازیی پێشکەوتوو.”
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا لە وەزارەتەکە “ئامانجمان سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی، نەهێشتنی گەندەڵی و رۆتینات و بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی بووە کە پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکات.”
بە وتەی شۆڕش ئیسماعیل، وێڕای گرفت و بەربەستی زۆر، بەشێکی زۆری پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پیشمەرگە جێبەجی کراوە، “پێویستە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بکرێت و سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و فیرقەکاندا جێگیر بکرێن، ئەمەش دەستکەوتێکی مێژوویی و گەورەیە بۆ کوردستان کە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی لە ئاستی هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە.”
شۆڕش ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم ئەو هەوڵانەی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دراون، “بە پشتیوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و دڵسۆزانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریکا بوون.”
شۆڕش ئیمساعیل داواکارییەک ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات کە خاوەنی یەکەکانی 70 و 80ـن و دەڵێت، “پێویستە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا، کە بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دروستبوونی سوپایەکی کوردستانی بنیاتنراوە.”
وتیشی، “بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمە بەردەوام رژدتر دەبین و تێیدا ئامانجی گەل و نەتەوەکەمان دەخەینە پێش بەرژەوەندیی هەمووانەوە.”
لە رێوڕەسمەکەدا 769 ئەفسەر بڕوانامەی دەرچوونیان وەرگرت کە 48ـیان ئافرەت بوون.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *