جۆینی تیلیگرام بن

بانکی تی بی ئای تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات؟

بانکی تی بی ئای تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

بانکی بازرگانی عێراق بە فەرمی هاتە ناو پرۆژەی هەژماری من..

ڕێککەوتنی بانکی TBI لەگەڵ هەژماری من کەی کراوەو بۆ بەفەرمی ڕۆژی رابردوو بانکەکە راگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

ئایا بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە پرۆژەی هەژماری من بەشداری دەکەن ؟

هەواڵ و راگەیەندراوەکەی بانکی تی بی ئای لەبارەی هاتنە ناو هەژماری من، لە شەوی رابردووەوە جارێکی دیکە بابەتی تەوتین و هەژماری منی لە نێوان هەر دوو بەرەکەدا توندتر کردۆتەوەو تەنانەت لە ئاستی بەرپرس و پەرلەمانتارە کوردەکانی عێراقیش قسەی لەسەر دەکرێت.

شەوی 3ی تشرینی دووەمی 2024 بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من) واژۆ کردووە بە مەبەستی بەجێکردنی مووچە، تیمی هەژماری منیش، بڵاویان کردەوە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بانکی TBI هەفتەیەک پێش ئێستا کراوە و واژۆ کراوە.

سەبارەت بە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە، تیمی هەژماری من دەڵێت، رێککەوتنەکە 25 لاپەڕەیە و بەشی یەکەمی پەیوەندیی بە پابەندییەکانی تیمی هەژماری من و پابەندییەکانی بانکی تی بی ئایەوە هەیە.

بەشێكی دیکەی گرێبەستەکە تایبەتە بە دانانی ئەی تی ئێمی، بانکی تی بی ئای، لە هەرێمی کوردستان، چونکە وەک تیمی هەژماری من دەڵێت، زیاتر لە 34 هەزار فۆرم لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە پڕکراونەتەوە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی لەو بانکەدا، کە زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانین، بەڵام تا ئێستا بانکەکە هیچ ئەی تی ئێمێکی نییە، بۆیە بەگوێرەی گرێبەستەکە دەبێت تیمی هەژماری من شوێنی دانانی ئەی تی ئێمەکان بۆ بانکی تی بی ئای دیاریبکرێت، دواتریش لەسەر بانکەکە پێویستە ئەی تی ئێمەکان دابنێت.

تیمی هەژماری من دەڵێت، بەمزووانە چوار ئەی تی ئێم دەگەنە سلێمانی، دوای ئەوەی نزیکەی 10 هەزار کارتی فەرمانبەران لە بانکی تی بی ئای تەواو بوون لە رێگەی هەژماری منەوە رادەستی فەرمانبەران دەکرێن، قۆناغی دواتریش دابەشکردنی مووچە دەبێت لە رێگەی بانکەکەوە.

سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە پرۆژەی هەژماری من، تیمەکە بە میدیای پارتی وتووە، بە هیچ جۆرێک ئەو دوو بانکە بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من ناکەن، چونکە رێککەوتنی پرۆژەی هەژماری من و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەو شێوەیە بووە کە تەنیا بانکی تی بی ئای بەشداری بکات لە پرۆژەکەدا؛ بۆیە کردنەوەی هەر هەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی رێنوێنییەکانی پرۆژەی هەژماری من کاری پێناکرێت.

هاوکات کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ڕاگەیەنراوەکەی بانکی تی بی ئای بە ٧ڕۆژی راگەیاند. حەوت مانگ لەمەوبەر بانکی بازرگانی TBI لەناو فۆرمی پرۆژەی هەژماری من زیادکرا.. دەشڵیت من خۆم پێنج مانگ لەمەوبەر قسەم لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی بانکەکە کردووەو سەیرم لێدێ لەم ئانوساتەدا، کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی لەبارەی تەوتینی مووچەی هەرێم چڕبۆتەوە، بانکی TBI، ئەوەی راگەیاندوە چوونەتە ناو پرۆژەی هەژماری من.

کاروان یاروەیس ئەوەشی وت لەوساوە بۆ ئێستا ئەوە نیو ساڵ زیاترە بانکەکە لەناو هەژماری منە، جگە لەچەند سەد هەژمارێکی بانکی هیچی تریان نەکردوە.

هەروەها تائێستا رێوشوێنی کردنەوەی لقی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و و سۆران و زاخۆ تاد… و دانانی ئامێری ئای تی ئێم نەگرتۆتەبەر.

یاروەیس دەشڵیت پێویستە هەموولایەک ئەو راستیە بزانن، کە هاتنی TBI بۆ ناو هەژماری من، نە بەمانای تەوتین دێ، نە بەمانای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدرالی دێت، نە وەڵامدانەوەی داواکاری مووچەخۆرانی هەرێمە.

جیا لەو پەرلەمانتارەی یەکێتیی .. دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عیراق لەبارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان پڕۆژەی “هەژماری من” و بانکی “تی بی ئای” بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند: ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی باشە، بەڵام بەو مەرجەی پشتیوانی بانکی ناوەندی عێراقی هەبێت.

وتیشی دادگای فیدراڵی دەڵێت دەبێت بەبانکیکردن لە ڕێی بانکە فیدراڵییەکانەوە بکرێت و بانکی “تی بی ئای”ش یەکێکە لە بانکە فیدراڵییە حکومییەکان.

جەختیشکردەوە گرنگ ئەوەیە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا فشار لە فەرمانبەران نەکرێت بۆ هەڵبژاردنی بانکێکی دیاریکراو.

ئەم هەوڵ و هەواڵانە لەکاتێکدایە یەکێتیی نیشتمانی بە فەرمی کارەکانی پرۆژەی هەژماری منی لە سنوری سلێمانی راگرتووەو وەک خۆیان دەڵین ئەو پرۆژەیە کۆتایی هاتووە بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە تا ئێستا قوباد تاڵەبانی کە جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمە و هیچ یەکێک لە وەزیرەکانی یەکێتی لە ناو حکومەتی هەرێم پرۆژی هەژماری منیان رەت نەکردۆتەوەو هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو