٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندرا بەڵام ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن بەمزوانە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک نایەت و ململانێەکان هێشتا گەرم و توند ماونەتەوە.
پارتی و یەکێتی بانگەشەیەکی توند و پڕ لە دەستەواژەی زبر و رەقیان بەڕێ کرد،
هەردوولا یەکتریان بە دەیان جۆر کەیسی جیاواز تۆمەتبار کرد، توندی بانگەشەکە بە ئاستێک بوو دابەزیبوونە سەر باسکردنی کەسایەتی بەرپرسانی یەکتر و هێرشی توندیان بۆ سەر یەکتر بەڕێوەدەبرد.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی لە دوایین دەرکەوتنی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکان باسی لەوەکرد ئەوان چاوەڕێی سەپاندنی مەرج بۆ بەشداری کردنی لە حکوومەت ناکەن بەڵکو دەیانەوێت حکوومەتەکە خۆیان پێکی بهێنن.
بە پێی وتەکانی سەرۆکی یەکێتی نیازی ئەوەیان نیە بەمزوانە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بکەونە گفتوگۆ و بتوانن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بگەنە رێککەوتن.
بەبڕوای شارەزایان پێکهێنانی کابینەکە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و، دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا و هەرێم بە یەک پاکێج دەبێت.
چونکە هەر لە ئێستاوە بانگەشەیەکی پێشوەختە لەلایەن یەکێتیەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کردووە و دەیەوێت درێژە بەو بەرنامە توندە بدات کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەی دەبرد.
لە نوێترین هەنگاویدا پرۆژەی هەژماری منی کابینەی نۆیەمی لە سنووری سلێمانی راگرت و لە بەغداش دۆسیەیەکی یاسایی لە دژ کردووەتەوە.
پێشتر بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە لێدوانەکانیدا باسی لەوەکردووە کە دەبێت خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئامادە بکەن.
هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە جەخت لە دامەزراندنی کابینەیەکی گشتگیر و سەرتاسەری دەکاتەوە کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات.
مەسعود بارزانی لە چەند رۆژی رابردوو لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت قسەی کرد و وتی دەبێت کابیەنەکە رێگری لە کارە نایاساییەکانی وەک تیرۆر و دامەزراندنی کارگەی ماددەی هۆشبەر بگرێت.
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە ئاشکرا سەرۆکی یەکێتی و بەرپرسانی ئەو حیزبەیان بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار دەکرد.
پێشبینی دەکرێت کابینەی ئەمجارەی حکوومەتی هەرێم ئەگەر پێک بهێنرێت تەنیا پارتی و یەکێتی تێدا بن و چەند لایەنێکی دیکەو بچوکی سیاسیش بەشێوەی لاوەکی تێیدا بەشدار بن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *