٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
تورکەکان لەلایەک داوای ئاشتی دەکەن و لەلایەکی ئاگر و ئاسن بەسەر کوردا دەبارێنن..
ماوەی هەفتەیەکە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕ بوونەتەوە و زیاتر لە ١٠٠ جار پەنجا ئامانجی بۆردوومان کردووە کە تەواوی هێرشەکان ژێرخانی ئابووری ئەو بەشەی کوردستانی کردووەتە ئامانج.
چڕبوونەوەی بۆردوومانەکانی تورکیا دوای هێرشە چەکدارییەکەی ئەنقەرەی پایتەخت دێت کە تێێدا دامەزراوەیەکی پیشەسازی سەربازیی تورکەکان کرایە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و ١٥ی دیکەش برینداربوون.
هەرزوو میت دەزگای هەواڵگری تورکیا پەکەکەی لە پشت هێرشەکەوە زانی و دواتریش پەکەکە بەرپرسیارێتی گرتە ئەستۆ.
رووداوەکە تەنیا لە سەروبەندی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هات، بە دروستی دوای بڵاوبوونەوەی پەیامێکی عەبدوڵلا ئۆجەلان بوو کە وتی توانای ئەوەی هەیە سیاسەتی رووبەڕووبوونەوە بۆ کاری سیاسی و پەرلەمانی بگۆڕێت.
لە دوای هێرشەکەی ئەنقەرەوە تورکیا بە بەردەوامی ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆردوومان دەکات، ئامانجی بۆردومانەکان کارگەکان، کێڵە نەوتییەکان، سەرچاوەکانی دابین کردنی وزەی کارەبا و تەنانەت نانەواخانەکانن.
بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان بڵاویکردوونەتەوە زیاتر لە ١٠٠ جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پەنجا ناوچەی بازرگانی و بەهۆیەوە ١٤ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٧٥ کەسیش برینداربوون.
بۆردوومانەکانی تورکیا هەستێکی یەکجار توندی رەگەز پەرستانەیان پێوە دیارە و سەرچاوە ئابوورییەکانی دانیشتوانی مەدەنی رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.
بە بڕوای شارەزایان، تورکیا مەترسی ئەوەی هەیە بەهۆی پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل شەڕەکە بۆ ناو وڵاتەکەی بگوازرێتەوە بەو ئامانجەش هەوڵەکانی بۆ دەستکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی دەست پێ کردووە.
تورکیا ئێستا دەست و پەنجە لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری یەکجار سەخت نەرم دەکات بەهای دراوەکەی بەردەوام لە دابەزیندایە و رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی هەڵئاواسان بەرزتر دەبێتەوە بۆیە نایەوێت ئەو شەڕەی لە دەرەوەی سنوورەکانی لەگەڵ پارچە جیاوازەکانی کوردستانی گەورە هەڵیگیرساندووە بگەڕێتەوە ناوجەرگەی شارەکانی.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *