ئاسۆ حاجی
هەڵبژاردن بە هەموو لێکدانەوە و لێکەوتەکانی، نەیتوانی شتێکی ئەو تۆ لە تێگەیشتنی حیزبە سیاسیەکان بگۆڕێت، بەر لە هەموویان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (عێڕاق)، کە لە پلەی دووەم دێت بە شازدە کورسی لە دوای یەکەمەوە.
یەکێتی هێشتا بە تێگەیشتنی یەک کورسی و سەد کورسی بەرخورد لەگەڵ ئەنجامەکان دەکات، ئەو بیست و سێ کورسیەی لە بەرامبەر خۆڕادەستکردن بە ئێران و بەغدا و میلیشیا شیعییەکان پێی بەخشراوە، دەیانهێنێتە ڕیزی سی و نۆ کورسی پارتی کە بەرهەمی گوتارێکی کوردستانی و نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەرە.
یەکێتی کە هێشتا تەنها بریتیە لە دەنگدانەوەی خواست و گوتاری خۆسەپێنی میلیشیاکان، وەک چۆن ئەو میلیشیا وابەستانە بە ئێران دەستیان لە بیناقاقای خەڵک و بەناو دەوڵەتی عێڕاقیەوە ناوە، یەکێتی دەیەوێت هەمان کار و سیناریۆ لە کوردستان دووبارە بکاتەوە، کە زەحمەتە ئەوەی بۆ بچێتە سەرێ.
هەموو هەڵبژاردنەکان ئەوەیان سەلماندووە کە سەرچاوەی هێزی یەکێتی دەنگدەر و خەڵکی کوردستان نیە، بەڵکو ئەجێندا و هێزی دەرەکییە، بۆیە لە هەر کاتێک ئەو هێزە دەرەکییە ڕووبەڕووی فشار و تەنگاسییەک بێتەوە ئەوە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لە سەر یەکێتی و پێگەکەی دەبێت، بە جۆرێک کە بەخۆی ڕاناگات و بەوەش ڕاناگات ئاراستەی سیاسەتەکەی خۆی بگۆڕێت و لایەنی کەم دەرفەت و ڕووی ئەوەی هەبێت داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات.
ڕووداو و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە، ئەوە نین بۆ ئایندەی یەکێتی و سەرۆکەکەی دڵخۆشکەر بن، چونکە ئەوەی دیارە و لە دۆخەکە دەخوێندەرێتەوە ئەوەیە، کە کۆدەنگیەک هەیە، کە نابێت هێز و عەقلی میلیشیایی لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست بمێنن، ئەوەی لە غەززە و لوبنان و سوریا ڕوودەدات ئاماژەن کە میلیشیاکانی عێڕاق بە هەمان چارەنووس دەگەن، هەروەها ئەو کرانەوەی لە تورکیا خەریکە ڕوودەدات سەلمێنەری ئەو قسانەن کە پەکەکەش بەشێک لەو هێزانەی بڕیاری نەمانی دراوە، بۆیە یەکێتی کە بەشێکە لە کارنامەی ئێران و بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی پەکەکە بە دوور نابێت لەو چارەنووسە، چارەنووسێک کە من شەخسی خۆزگەی بۆ ناخوازم، بەڵکو بە پێچەوانەوە خۆزگەی ئەوە دەخوازم یەکێتی و سەرۆکەکەی واز لەو خۆسەپێنییە عەسکەرتاریەتە بهێنن کە هەرێمی کوردستانی کردۆتە دوو زۆن و ڕێگرە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و یەکگرتنەوەی دروستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە تەواو دژایەتیەکی ئاشکرا و بێ منەتانەی ئیرادەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپایە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *