٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
بۆچی بەرنامەیەکی سیاسی و دیاریکراویان بۆ هەڵبژاردنەکان نیە؟
جگە لە درووشمێکی گەورە بۆ هەڵبژاردنەکان چییان بۆ ژیانی خەڵک و تەنانەت هەرێمەکەشیان هەیە؟
سەرەڕای ئەوەی مەترسی جددی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە و تا ئێستاش هیچ دڵنیاییەک بۆ بەڕێوەچوونی نەدراوە بەڵام هێزە سیاسییە بەشدارەکانی ئەم هەڵبژاردنە بەرنامەی سیاسییان بۆ هەڵبژاردنەکە نیە و تەنیا چەند دروشمێکیان بەرزکردووەتەوە کە جێبەجێ کردنی زۆر ئەستەمە.
دیارترین ئەو هێزە سیاسییانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان دەکەن،دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو و چەند گرووپ و لیستێکی نوێن.
یەکێتی.. دروشمی کۆتایی پێ دەهێنینی بەرزکردووەتەوە، پارتی.. خۆڕاگری و ئارامی، نەوەی نوێ.. دروشمی درۆن دەکەن، یەکگرتووی ئیسلامی.. دروشمی ئیتر بەسە، کۆمەڵ دەڵێ.. رایاندەگرین، رەوتی هەڵوێست، هەڵوێست وەردەگرین و بەرەی گەلیش دەڵێن.. بە ئێمە دەکرێت و بزووتنەوەی ئیسلامیش درووشمی .. بەدیلی هەموویانینان بەرز کردۆتەوە..
بە بڕوای شارەزایان هیچ کام لەم دروشمانە ناچنە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسییەوە و هیچکامیش لە حیزبە دیارە بەشداربووەکانی ئەم هەڵبژاردنە بەرنامەیەکیان بۆ حکوومەتی داهاتووو بەڕیوەبردنی هەرێمی کوردستان نیە.
خەڵک و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە دەست دەیان کێشە و کەموکورتییەوە دەناڵێنێت، ژمارەی کەموکورتییەکان ئەوەندە زۆرە کە ئەگەر تەواوی حیزبەکان بیانکەنە ناو بەرنامەی کاری سیاسییانەوە هێشتا هەر تەواو نابن.
هیچ لە حیزبە بەشدارەکان بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم هەرێمە لە بەردەستدا نیە و نازانرێت ئەگەر کابینەی داهاتوو وەربگرن چۆن چارەسەری دەکەن.
بۆ نمونە، کێشەی گرانی نرخی سوتەمەنی، بە درێژایی پێنج خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان نە یەکێتی و پارتی نە ئەو هێزانەی دیکە نەیانتوانیوە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بکەنە بەرنامەی کاریان .. خۆ ئەگەر بە زارەکیش کرابێتە بەرنامەی کارەوە تەنیا بەڵێنێکی بێکردار بووەو جێبەجێ نەکراوە.
چاودێرانی دۆخی سیاسی هەرێم بڕوایان وایە سەرجەم حیزبەکان بەوانەشەوە کە بە تازەیی پەیدا بوون هەموو هێزی بانگەشەی خۆیان بۆ خستنەڕووی کەموکورتی گەندەڵی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تەرخان کردووە کە ئەمە بابەتێکە تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان لێی بە ئاگان.
پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا بە چاوسورکردنەوە و هەڕەشەی قوتبڕین و ساختەکاری پێگەی خۆیان هێشتوەتەوە، هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی ئەم دوو حیزبەش تەنانەت نەیانتوانیوە بە ئەندازەی قەبارەی خۆیان کاریگەری لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش ئەگەر ئەنجام بدرێت ئەنجامەکانی لەوانەی پێشوو جیاوازتر نابێت و تەنیا چەند کورسییەکی پەرلەمانی لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەبێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *