جۆینی تیلیگرام بن

لە لوبنان چی ڕوویدا؟ چی بوون ئەوانەی پێکەوە تەقینەوە؟

لە لوبنان چی ڕوویدا؟ چی بوون ئەوانەی پێکەوە تەقینەوە؟

٧ڕۆژ-ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ١٧ی مانگی ٩ ، هەزاران ئامێری پەیوەندی کردن کە بە پەیجەر ناسراو پێکەوە و لە یەک کاتدا لە لوبنان و سوریا تەقینەوە، کە بەپێی دوایین ئامارەکان بەهۆیەوە هەشت کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٧٠٠ کەسیش بریندار بوون کە باڵیۆزی ئێران لە لوبنان لەناو قوربانیەکاندایە.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە ١٨ ی مانگی ٩، جارێکی دیکە چەند ئامێرێکی بێتەل لە جۆری ئای کام ، بە دەست ئەندامانی حزبوڵاو تەنانەت ناو ماڵی هاووڵاتیانی مەدەنی تەقیونەتەوەو بەپێی زانیارییەکان چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە

ئامێری پەیجەر چیە و بۆچی تەقیونەتەوە؟

پەیجەر ئامێرێکی بچووکی چەند سانتیمەترییە و شاشەیەکی بچووکی لەسەرە کە لە رێگەی شەپۆلی رادیۆییەوە پەیامەکانی بە شێوەی نوسین کورت وەردەگرێت.

ئەم ئامێرە لە رێگەی تۆڕێکی داخراوی تایبەتەوە پێکەوە دەبەسترێنەوە و لە ناوەندەوە پەیامەکانی ئاڕاستە دەکرێن، هەڵگرانەی پەیجەر لەناو ئەو تۆڕەدا لە یەک کاتدا دەتوانن پەیامەکە وەربگرن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکانەوە بڵاوبوونەتەوە، لە دوای پەرەسەندنی جەنگی غەززە و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردە و ئەندامانی حیزبوڵڵا لە لوبنان لە رێگەی درۆنەوە، ئەو گرووپە بۆ پاراستنی ئەندام و سەرکردەکانی پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی پەیجەر.

پەیجەرەکان بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندی جی پی ئێس و بوونی تۆڕی رادیۆیی دیاریکردنی شوێنی هەڵگرەکانیان ئەستەمە و لەو رووەوە زۆر مۆبایلی ئاسایی و مۆبایلە زیرەکەکان سەلامەترن چونکە مۆبایلەکان دەتوانرێت شوێنی بەکارهێنەرانیان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە ئاشکرا بکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا بەردەستن، ئیسرائیل لە پشت ئەو تەقینەوانەوە بوو کە ئەمڕۆ لە لوبنان و لە سوریا روویانداوە، بەڵام هێشتا میکانیزمی ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە ئاشکرا نەکراوە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، چەند سیناریۆیەک بۆ تەقینەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەیجەر لە یەک کاتدا بوونی هەیە، لەوانە هاککردنی تۆڕی پەیوەندییان و لەورێگەیەوە سیگناڵی تێکدەر ئاڕاستەی پەیجەرەکان کراوە بوونەتە هۆی تەقینەوەی.

یەکێکی دیکە لە سیناریۆکان کە پێشبینی دەکرێت لە راستییەوە نزیکتربێت ئاڕاستەکردنی شەپۆلێکی موگناتیسی زۆر بەهێز بێت کە کاریگەری لەسەر باتری ئەو پەیجەرانە دادەنێت و دەیانتەقێنێتەوە.

بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی لوبنان، ترسێکی گەورە لە دڵی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دروستبووە و بەشێکی زۆریان مۆبایلەکانیانی دەستیان لە ترسی تەقینەوەی کوژاندووەتەوە.

پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا زانیاری نوێ لەسەر ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵلا ئاشکرا ببێت.

لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەمە دووەمین رووداوی تەقینەوەی سەرسوڕهێنەرە کە لە لوبنان روودەدات، لە مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢٠یش بەهۆی تەقینەوەی بەندەری شاری بەیروت ٢١٨ کەس کوژران و مەودایەکی گەورەی لە شارەکەش وێران کرد.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو