٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
رادەستکردنەوەی ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی ئێران کاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوای خۆیدا هێناوە و هەر یەکە لە ئاسایشی سلێمانی و حیزبی دیموکرات زانیاری جیاواز لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا هاووڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی بێهزاد خوسرەوی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە، دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە ئەوەش مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رووبەڕووی لە سێدارەدان بێتەوە.
ئاشکرابوونی زانیارییەکە شەپۆلێکی گەورەی توڕەیی و نیگەرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە یەکەم روونکردنەوەیدا لەبارەی ئەو رووداوە بڵاویکردەوە، ئەو هاووڵاتییە لەسەر خواستی خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هیچ پەیوەندییەکی بە كاری سیاسییەوە نییە.
لە روونکردنەوەکەی ئاسایشدا هاتووە دوای دەستگیرکردنی دەرکەوتووە کە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبونی هەرێمی كوردستانی نییە و پەیوەندی بە كاری سیاسییەوە نییە.
لە بەرانبەردا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردووە بێهزاد خوسرەوی لەلایەن ئاسایشەوە ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە كراوە .
لە راگەیەندراوەکەی دیموکراتدا هاتووە بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی دەکەین بەهۆی رادەستکردنەوەی ئەندامێکی حیزبەکەمان بە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران.
بێهزاد خوسرەوی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ماوەی ١٠ ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە.
بەپێی ئەو بەڵگە و دۆکیومێنتانەی لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە بڵاوکراونەتەوە خوسرەوی هەڵگری مۆڵەتی نیشتەجێ بوون بووە لە هەرێمی کوردستان و وەک ئاوارەی سیاسی لای نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمارکراوە.
هێشتا ئەوە روون نەبووەتەوە بۆچی بە دیاریکراوی ئەو ئەندامەی حیزبی دیموکرات رادەستی ئێرانییەکان کراوەتەوە چونکە لە سلێمانی بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەو حیزبە کوردییانە بوونیان هەیە.
رادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوەی لەکاتێکدایە، بە فشاری ئێران و لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان بەغدا و تاران، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەستیان بە چۆڵکردنی کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زڕگوێز کردووە بەرەو کەمپی داخراوی سورداش دەیانگوازنەوە.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لەبارەی گواستنەوەیان بۆ کەمپی سورداش دەڵێت، گواستنەوەیان لە زڕگوێزەوە بۆ سورداش “شەڕی دەرونییە” لە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران و شکاندنی شکۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، جەختی لەوەشکردۆتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت، لەمەودوا، هەندێک هێڵی سور بۆ داواکاری و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرەکەی، واتا دەوڵەتی عێراق دابنێت”.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە له راگهیهندراوێكدا لهبارهی گواستنەوەی ئۆردوگاکانی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان، رایگهیاندووە، “دوای تێپەڕبونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر واژۆی ڕێککەوتنە ئەمنییە شەرمەزاریەکەی نێوان دەوڵەتانی ئێران و عێراق، سەرەنجام پڕۆسەی بەکردەوە دەرهاتنی قۆناغێکی دیکە لە بڕگە شاراوەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە چووە بواری جێبەجێکردنەوە”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *