جۆینی تیلیگرام بن

کێ هاووڵاتیان لە درۆنەکانی تورکیا دەپارێزێت؟

کێ هاووڵاتیان لە درۆنەکانی تورکیا دەپارێزێت؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا دوو جار درۆنی تورکی هاووڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە سیانیان مێردمنداڵن.. بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا تەنیا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی درۆنەکانی تورکیا شوێن نەماوە نەیکەنە ئامانج، هەر رۆژە و ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی دەپێکن و بۆردوومان دەکەن.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری چوارتا ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب لەلایەن درۆنێکی تورکییەوە بە مووشەکێک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران.

بەپێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ کوژراوەکان یەکێکیان منداڵە و لە نەخۆشخانە گەڕاوەتەوەو کانۆلایەک بە دەستیەوە بەستراوە.

رووداوەکە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای بۆردوومانێکی دیکەی هاوشێوە هات کە لە سەر رێگای خەلەکان ــ سلێمانی روویدا و تێیدا هاووڵاتییەکی مەدەنی و دوو کوڕی گیانیان لەدەستدا.

ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج ئەو بێدەنگییە سامناکەیە بەرانبەر ئەو دەستدرێژیانەی تورکیا لە خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەکات.

لە ئاسمان و لە زەمینەوە تورکیا بەناوی لێدان لە گەریلاکانی پەکەکە هاووڵاتیانی مەدەنی باشووری کوردستان ئاگر باران دەکات،.. سەرەتای ئەم هەفتەیەش بەهۆی تۆپپبارانی سوپای تورکەوە هاووڵاتییەکی شوانکار لە سنووری سیدەکان شەهید کرا.

جیا لەم دەستدرێژیانە، لە سنووری قەزای سەید سادق دوو کچە رۆژنامەنووس لە هێرشێکی درۆنیدا کوژران و هاوکارێکیان بە سەختی بریندار بوو.

ئەوەی تورکیا بەرانبەر بە خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ پێشتر ئەزموونی نەبووە، ئەوەشی جێگەی نیگەرانیە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی تەنیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ کاردانەوەیەکیان نیە.

هەر لە دوو رۆژی رابردوودا باڵیۆزی نوێی تورکەکان لە بەغدا بە جیا لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی کۆبوویەوە و لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکاندا باس لەو هێرشە درۆنیانە نەکرا کە دەکرێتە سەر خەڵکی مەدەنی کوردستان.

تورکەکان بیانووی گەریلاکانی پەکەکە بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی دەهێننەوە، بەڵام ئەوەتا بازرگانێکی کورد لەناو جەرگەی شاری ئەستەنبوڵ لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی درایە بەر چەقۆ کوژرا.

ئەم رووداوانە هێشتا رای گشتی لە هەریمی کوردستان نەجوڵاندووە، بە جۆرێک کوشتنی خەڵکی مەدەنی بێ تاوان بووەتە بابەتێکی رۆتین و لای خەڵک ئاسایی بووەتەوە لە بەرانبەریشدا بە هەزاران هاووڵاتی تورک لە ناو شارەکانی هەرێمی کوردستان بە ئارامی دەژین و چەندین پڕۆژەی بازرگانیان هەیە بەڵام هیچ کامیان تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەک بەرانبەریان نیشان نەدراوەو لەوپەڕی ئاسودەییداین.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو