٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی ئاگرینی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد و ئەوەندەی دیکە گڕی لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو حیزبە چەک بەدەستەی هەرێم بەردا
کەمتر لە سێ هەفتە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستیان بە بانگەشەیەکی رانەگەیەندراو دژی یەکتر کردووە و بە ئەندازەیەک لە یەکدی توند بوونەتەوە کە مەترسی لەسەر پەکخستنەوەی جارێکی دیکەی هەڵبژاردن هەیە.
یەکێتی، دەستی بۆ هەستیارترین کارتی دەستی بردووە و بانگەشەی ئەوەدەکات بە ئاسانی رێگە بە مەسرور بارزانی نادات کە کابینەی داهاتوو پێکبهێنێتەوەو سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو بکات.
ئەم بانگەشەیەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی، پارتییەکانی توڕە و نیگەران و پەست کردووە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر زوو هاتە سەر خەت و وتی دەبێت یەکێتی لە سەرۆکی کابینەی داهاتوو واتە لە مەسرور بارزانی بپاڕێنەوە تا بە جێگری پەسەندیان بکات.
ئەم وتەیەی وتەبێژی حکوومەت لەوەوە سەرچاوەی گرتووە لە دوای یەکگرتنەوەی حکوومەتی هەرێم تا ئێستا تەنیا دوو ساڵ یەکێتی نیشتمانی سەرۆکی حکوومەتی لا بووە و بەردەوام جێگری بەدەستەوە بووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتیش لە وەڵامی قسەکانی پێشەوا هەورامیدا وتی، کەسێک بەو ناوەوە ناناسێت ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ کەم بەها کردنەوەی لێدوانەکەی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم.
پارتی و یەکێتی بە درێژایی مێژووی سیاسییان ململانێی جۆراوجۆریان هەبووە، هەر لە شەڕی براکوژی تا شەڕە پەڕۆ و ئێستاش شەڕی میدیا و لێدوانی توندی بەرپرسە باڵاکانیان.
گرژییەکانی ئەم دوو حیزبە، مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت پلانێکی پێشوەختەی خۆیان بێت و بیانەوێت کێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست بکەن.. کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بە بیانووی جیاواز دوای دەخەن.
ئەم دوو هێزە سیاسییە یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هۆکاری ئەو دۆخە خراپەن خەڵکی باشووری کوردستان تێی کەوتووە بەڵام لە راستیدا هەردووکیان وەکو یەک هاوبەشی ئەو دۆخەن و هەردوو هێزەکەش بەپێی راپرسی و ئەنجامەکان.. لای زۆرێک لە خەڵکی کوردستان دوو هێزی رەتکراوەن و تەنیا بە مەنتقی هێز خۆیان سەپاندووە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *