جۆینی تیلیگرام بن

نوێنەرانی کورد لەبەغدا خەریکی چین ؟

نوێنەرانی کورد لەبەغدا خەریکی چین ؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ئەرێ هەر بەڕاست نوێنەری کوردن لە عێراق یان فەرمانبەری عێراقن و لە نەتەوەی کوردن؟

ئەمڕۆ نزیکەی ٦٠ رۆژ بەسەر دوایین مووچەی دابەشکراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێپەڕدەبێت و بایکۆتی مووچەخۆران لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەری هەڵداوەتەوە، نوێنەرانی کوردیش لەبەغدا دەستەوئەژنۆ دانیشتوون و هیچ رۆڵێکیان لەچارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی مووچەی ئەو خەڵکەدا نیە.

پۆستی سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە،جێگری سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک وەزیر و دەیان پەرلەمانتار و سەدان بەڕێوەبەری گشتی کورد لەناو حکوومەتی فیدڕاڵی عێراقدان.. دیار نیە ئەمانە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن یان فەرمانبەرێکی کوردی ناو حکوومەتی عێراقن؟

تەواوی کاروچالاکی نوێنەرانی کورد لە بەغدا بووەتە گەیاندنی هەواڵی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمانبەران، واتە زیاتر رۆڵی پەیامنێری دەزگایەکی میدیایی دەبینن، لە بری ئەوەی دەسەڵات و پێگەکانیان بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکان و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن.

ئەگەر بەغدا بیانووی رەوانە نەکردنی پارە بۆ بوونی کێشە لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەریم دەهێننەوە، ئەی بۆچی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دوای تەواوی هەموو جوتیارانی عێراق خەرج ناکرێت؟

بۆچی دەبێت جوتیارێکی کورد لە بەغدا خۆپیشاندان بکات بۆ ئەوەی پارەی گەنمەکەی کە حکوومەتی عێراق خۆی لێی وەرگرتووە ئینجا بۆی خەرج بکرێت.؟
ئایا جوتیارانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بەهەمان شێوە پارەی گەنمەکانیان بۆ خەرج دەکرێت؟

هەرکام لەم بەرپرس و نوێنەرانەی کورد لە بەغدا.. مووچەیەکی چەند ملیۆن دیناری و دەیان ئیمتیازی دیکە لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان وەردەگرن.. کەچی کاریان تەنیا بووەتە جێبەجێ کردنی ئەجێندای حیزبەکەی خۆیان نەک خەمی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

بۆ نمونە پۆستی سەرۆک کۆمار کە لە بنەڕەتدا ئەرکی پاراستنی دەستووری عێراقە هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران نەناوە، چونکە راستەوخۆ بە بڕینی قوتی خەڵک دەستووری عێراق پێشێل کراوە.

یان جێگری وەزیری دارایی عێراق لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە تەنیا دووجار دەرکەوتووە، نەیتوانی رێگری لەوە بکات کە مووچەی فەرمانبەران وەک کاڵایەکی سیاسی دژی خەڵکی کوردستان بەکارنەیەت.

هەرچی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانن تەنیا هەواڵی مووچە لە پەیجەکانیانەوە بڵاودەکەنەوە و لەبری ئەوەی وەزیری دارایی ناچار بکەن بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکات .. کەچی وەک پەیامنێری دەزگاکانی راگەیاندن مامەڵەدەکەن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو