جۆینی تیلیگرام بن

فشارەکانی ئێران بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردۆتەوە

فشارەکانی ئێران بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردۆتەوە

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ئێران هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدا و لە هەرێمی کوردستانیش فشارەکانی بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات دەست پێ کردووەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ کردووە و لە کەمپێکدا سەرجەمیان کۆ دەکاتەوە ئەوەش بەهۆی بەردەوامی فشارەکانی ئێرانەوەیە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بڕیاریداوە بە نیشتەجێ کردنی ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە کەمپی سورداش لە سنووری پاریزگای سلێمانی.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران دێت، لە هەنگاوی یەکەمدا تەواوی هێزەکانی ئەو حیزبانە چەک کران و لە ناوچە سنوورییەکان کشێنرانەوە.

ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێکردنیان بوو لە کەمپەکاندا.

دەستپێکردنەوەی فشارەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەکاتێکدان پێشتر زانیاری ئەوە بڵاوبوویەوە کە مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئەو وڵاتە داوای لە عەلی خامنەیی کردووە لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە بۆردوومانی وڵاتانی دراوسێیان بکەن نەوەک ئیسرائیل.

دیار نیە ئێران هێشتا سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی ئۆپراسیۆنە هەواڵگرییەکەی ئیسرائیل کە لەناوجەرگەی دەزگا ئەمنییەکانی تاراندا ئەنجامیدا یان نا، بەڵام هەرچی بێت بەهۆی ئەو ئۆپراسیۆنەوە تووشی شەرمەزارییەکی گەورەی هەواڵگری بووە.

میدیا جیهانییەکان لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە وا بڵاویانکردووەتەوە دواخستنی وەلامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی راگرتنی شەڕو ئاگر بەست لە غەززە ماوەتەوە.

مەترسی ئەوە دەکرێت، هاوشێوەی رابردوو ئێران بۆ خۆپاراستن لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسیی لەوانەش هەرێمی کوردستان.

ئێران پێشتر چەندین جار بانگەشەی بوونی بارەگای موسادی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێک بە مووشەکی بالیستیک هێرشی کردووەتە سەر شاری هەولێر.

لەگەڵ ئەوەشدا دەستپێکردنەوەی فشارەکان بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم کاتەدا مەترسی بوونی پلانێکی لێ دەکرێت کە بەناوی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل پەلارماری هەرێمی کوردستان بداتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو