جۆینی تیلیگرام بن

چۆن گەنجێکی کۆڵبەر لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراق لە هەورامان کوژرا؟

چۆن گەنجێکی کۆڵبەر لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراق لە هەورامان کوژرا؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

شەوی دووشەممە نزیک کاتژمێر هەشتی ئێوارە گەنجێکی کۆڵبەری دانیشتووی هەورامان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کوژرا و کەسوکار و هاوڕێکانیشی هەوڵیاندا بارەگایەکی ئەو هێزانەیان لەناوچەکە بسوتێنن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، رووداوەکە لە بەرزاییەکانی گوندی سەرگەت و لە خاڵی لاوەکی و نافەرمی سیپە ڕوویداوە، کاتێک کۆڵبەرەکان بارەکانیان بەرەو ئێران گواستوەتەوە لەلایەن هێزێکی پاسەوانی سنوورەوە تەقەیان لێکراوە.

گەنجە کوژراوەکە ناوی ئارام خەليلە و لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بژێوی ژیانی پەیدا کردووە، فیشەکێک بەر سنگی کەوتووە و بە سەختی برینداربووە، بەڵام تا هێنانە خوارەوە لە شاخەکانەوە و گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

لەمساڵدا ئەمە دووەمین رووداوی تەقەکردنە لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراق لە کۆڵبەرەکانی ناوچەکە و لە هەردوو رووداوەکە قوربانی هەبووە.

مانگی رابردووش بەهەمانشێوە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی دیکە برینداربوو.

لە چەند ساڵی رابردووشدا رووداوێکی دیکەی هاوشێوە لە ناوچەکە روویدا و تێیدا گەنجێکی دیکەی کۆڵبەر لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە کوژرا، بەڵام دواتر کێشەکە لە رێگەی رێککەوتنی کۆمەڵایەتییەوە چارەسەر کرا.

هێزەکانی پاسەوانی سنوور سەر بە سوپای عێراقن، بەڵام ئەندامەکانیان کوردن و زۆرینەیان خەڵکی ناوچەکەن.
بە وتەی چەند شایەتحاڵێک کە قسەیان بۆ ٧رۆژ کردووە تەقەکەرەکانی ناو هێزەکەی پاسەوانی سنوور ناسراونەتەوە.

دیاردەی کۆڵبەری بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە، گەنجێکی زۆر بە هەڵگرتنی بارێکی قاچاخ سەدان کیلۆمەتر لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبڕن.

ناو بە ناو لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری هەرێم و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێت و دەپێکرێن.

ناوچەی هەورامان ناوچەیەکی سنووریی شاخاوییە لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەکی گەشتیاری و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی بەڵام گەنجانی ناوچەکە بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە دەستیان داوەتە کاری کۆڵبەری، لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ناو بەناو لێیان دەکوژرێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو