جۆینی تیلیگرام بن

پەڕلەمان، ئەهلی جادەو ئەهلی مادە !

پەڕلەمان، ئەهلی جادەو ئەهلی مادە !

ئاسۆ عەبدوللەتیف

هەزاران کاراکتەری عاقڵ و خاوەن بیری کوردانە، هەزاران فەرمانبەری ماندوو غەدرلێکراوی مافخوراو لەسەر جادەبوون، مانیان گرت، دەربەدەربوون، سزایان چەشت، بەگیرفانی بەتاڵەوە هوتافیان کێشا، بێپارەو بێماڵ و حاڵ بوون بە ئێستاشەوە، قووتی ڕۆژانەیان نەبوو، یەک فراکسیۆن و سەرۆک حیزبی ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانی ئازارەکانیان هەڵگرن ئێستاش وەرزی شەن و کەوکردنی دەنگەکانیانە بۆ هەمان چیرۆک و دەردیسەریی.

حەقە ئیتر ئەو توێژە بەرینەی کۆمەڵگا بیریان بێت کەبۆچی تێکۆشان و ڕەنجیاندا، ئەوەبزانن بەکارتی دەنگدانەکەیان کەسانێک دەخەنە پەڕلەمان کە ئەهلی مادەن و گاڵتەو پێکەنینیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جادەکەی ئەوان هەبوو، خۆ بینیمان زەجریان نەکێشا، بایکۆتیان نەکرد، نەگیران، منداڵیان نەبوویە قوربانی، کەشی سازو سەفایان لەخۆیان تێک نەدا، دیوەخانیان جوانترو چاویان زیاتر دەبریسکایەوە، یەک ڕۆژ بێمووچە نەبوون، کەواتە ئەم خولەی پەڕلەمانیش چیرۆکێکی تری ناعەدالەتیەو هەژارەکانی جادە دەینوسنەوەو شەرعیەتە بە دووبارەبوونەوەی مۆدێلەکانی ڕابردووی حوکمڕانیی کوردیی چونکە فیگەری تازەو خاوەن پڕۆژە دیارنیە، ئەوەی هەیە ڕوخسارە کۆنەکانی مادەو دەسەڵات و خودبژێویی و خۆشگوزەرانین! قارەمانەکان لەجادە دەمێننەوەو پۆپۆلیستەکان خۆیان دەکەن بە هۆڵی پەڕلەماندا بۆ کوشتنی یاساکانی گۆڕانکاریی و شۆڕش.

گروپێک ئێستا بەپارەی خەفی و شاراوە لیست و قەوارەیان دروستکردوە و تەخشان و پەخشان بە دینارو دۆلارو ئایپادو ئایفۆنەوە دەکەن پێمان ناڵێن سەرچاوەی داهاتەکانیان کوێیە، دەنگدەر هەر لە ئێستاوە ناشەفافی ئێوە دەبینێت چۆن باوەڕبکات لە ئایندەی ئەم وڵاتەدا لە کفندز باشتر دەبن؟

کێشە زیهنیەکەی هەندێک خەڵکی سادە ئەوەیە وادەزانێ هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست دەکات و ناوەندی ئەو گۆڕانکاریەش پەڕلەمانە، نا هەرگیز دروستی ناکا، بگرە بەهێزتری دەکات و شەرعیەتی پێ ئەدا بۆ چوارساڵی دیکە، تۆ وەرە ئۆپۆزسیۆنبەو مەچۆرە ناو سیاجی پەڕلەمان، چونکە پەڕلەمان دەزگایەکی گرێدراوی ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆژیە بۆ پتەوکردنی پایەو ڕایەڵەکانی دەسەڵات و شوێنی ئیمتیازو ئینحیازە، پەڕلەمان سیستمی جێبەجێکار نیە، دەسەڵاتی دادوەریش نیە، دەزگایەکی کەلتوریی و مێژووکردو چاودێریکاری سادەیە، تۆش ئەوپەڕی چاودێری دەکەیت، دەسەڵاتیش چاودێریەکی ئاوا کارتۆنی پێویستە بۆ چاوەزارو بەڕێگای پرۆسەکانی هەڵبژاردن و دیموکراسی پەڕلەمانیی نەهاتوون تا بەو فارگۆنە شەق و شڕەی دیموکراسی و چاودێریە بچنە دەرەوە.

تۆ هێشتا لە دەسەڵات بەهێزترنیت و یەک دام و دەزگای بەهێزو پاڵپشتی دارایی و حکومی و سەربازیت نیە، گرنگترین کارەکتەرەکانی ئۆپۆزسیۆن کە سەرۆکەکانن ناچنە پەڕلەمان، بەڵکو کردویانەتە کەمپ و مەعەسکەری کادری حیزبی، دەی ئاوا چۆن گۆڕان ڕووئەدات کە سەرۆک و سەرکردەکان نەچنە پەڕلەمان و نەچنەسەرجادەو نەچنە شاخ و نەشیانەوێ جگە لە پرسەکان لە هیچ جێگایەک لێدوان بدەن و سەرشانەکانیان تۆزاویی بێت.

هەندێک مەندوبی خانەنشینکراوی بەغدادو فراکسیۆنی دوبارەی پەڕلەمانی کوردستان و مەجلیسی پارێزگاکان کە ئێستاش مووچەکانیان مسۆگەرەو عەڕابی بێهیواکردنی خەڵک بوون و ئەزمونێکی شکستخواردوویان تۆمارکرد لە ڕابردوو بۆچی دەبێ دەنگدەر فریو بخوات پێیان، چ یاسایەکە ڕەنجی خەڵکی ڕەش و ڕووتی جادەو مامۆستایان بدزرێ و دواتر بەناوی تەوافوق و هاوپەیمانێتی و دۆخی ناسکی کوردستانەوە بیفرۆشنەوە بەدەسەڵات لەپێناو عەزم و فەزڵ و پلەو موچەو خۆشگوزەرانی خێزانیی و دەوڵەمەندبوونی خێرای خۆیاندا.

بۆیە هەڵبژاردن هیچ لەو دۆخە ناگۆڕێت تاوەکو لیست و قەوارەی خاوەن پڕۆژەی جددی لەدایک نەبێت، پرۆژەی جددیی نەک قسەو گوتاری میدیایی، دەسەڵات ئیحراج بکەن، نەک موجامەلەی بکەن لە ژێرەوەو لە تیکتۆک و لایڤەکانیشدا جنێودان، یەک تاکە پڕۆژەی بەدیل نەنوسراوە تا ئێستا خەڵک سەرسام بکات و برسیە قارەمانەکان دڵخۆش و تێر بکات ئیتر دەنگدان چی دەگۆڕێ بە و هەموو دیدگا جیاوازانەوە کە هەریەک لەئاوازێک دەخوێنێ.

لێرە کانیەکان عاجزن لە ڕووبارەکان و ڕوبارەکانیش لە دەریاچەکان، بۆیە چاوەڕوانی هیچ ڕیفۆرم و سەوزبوونەوەیەکی سروشتی مەبن بە دەنگدان، دەنگدان و هەڵبژاردن پرۆسەیەکی هەرە سادەی دیموکراسیە، بەڵام چاکسازیی کردەیەکی هەرە قورسی شۆڕشە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو