پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ دەڵێت، ئازاری گەشەی قاچی منداڵ ئازارێکی زۆری ماسولکەکانی پەلەکانی خوارەوەیە، کە هەندێ منداڵی تەمەن ۳ بۆ ٥ ساڵ تووشی ئەبێت، دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، کە زیاتر پەیوەندی بە جووڵە و چالاکی منداڵەکەوە هەیە.
د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە نووسینێکدا ئاماژە بە ئازاری گەشەی قاچی منداڵ و چۆنیەتى چارەسەرکردنى دەدات، کە دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە:-
ئازاری گەشەی قاچی منداڵ ئازارێکی زۆری ماسولکەکانی پەلەکانی خوارەوەیە، کە هەندێ منداڵی تەمەن ۳ بۆ ٥ ساڵ تووشی ئەبێت لەکاتی ئێوارە یان کاتی نووستن و بەو هۆیەوە خەبەری ئەکاتەوە.
هەندێکجار لە تەمەنی ۸-۱۲ساڵ جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە و منداڵەکە و دایک و باوکی تووشی ناڕەحەتیەکی زۆر ئەکەن.
ڕاستە پێی ئەڵێن ئازاری گەشە، بەڵام تا ئێستا نەسەلمێنراوە پەیوەندی بە گەشەی منداڵەوە هەبێت.
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، کە زیاتر پەیوەندی بە جووڵە و چالاکی منداڵەکەوە هەیە.
ئازاری گەشە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە، لە هەندێکیاندا ئازارەکە زۆرە، بەڵام لە هەندێکیاندا کەمترە، زۆربەی منداڵەکان ئازارەکەیان هەمووڕۆژێک نیە.
ئازاری گەشە دێت و دەڕوات واتە لەوانەیە چەند ڕۆژێک بێ ئازار بن و دواتر چەند ڕۆژێک ئازاریان هەبێت.
ئازارەکە لەوانەیە ئەوەندە زۆر بێت منداڵەکە لە خەو خەبەر بکاتەوە، بەڵام ڕۆژی دواتر بەیانیەکەی کە خەبەری بوویەوە زۆر باشەو هیچ ئازارێکی نیە.
ئازارەکە بەزۆری لەهەردوو قاچیدا بەتایبەتی بەشی پێشەوەی ڕان و بەشی دواوەی ئەژنۆو ماسوولکەکانی پشتەوەی بەشی خوارەی قاچدا هەیە.
پێویستە لەم کاتەنەدا یەکسەر سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت:
۱-ئەگەر تای هەبوو.
۲-ئەگەر ئارەزووی خواردنی کەمی کرد.
۳-ئەگەر گیانی پەڵەپەڵە بوو ،یان سوور بوویەوە.
٤-ئەگەر جوومگەکانی قاچی ئاوسان ، سووربونەوە، یان گەرم بوو.
٥-ئەگەر منداڵەکە زوو زوو هەستی بە هیلاک بوون کرد.
٦-ئەگەر هەستت بە لاوازی ماسوولکەکانی منداڵەکە کرد.
۷-ئەگەر کێشی منداڵەکە کەمی کرد.
۸- ئەگەر منداڵەکە لە جووڵە کەوت بەهۆی ئازاری قاچیەوە.
چارەسەرکردنی ئازاری گەشە:
۱-ماساجی قاچی بۆ بکە.
۲-هەوڵ بدە قاچی گەرم دابپۆشیت یان گەرم کەرەیەک بۆ ماوەیەک نزیک قاچی دابنێیت بەڵام نابێ لەکاتی خەودا نزیکی بێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی سووتانی.
ئەگەر سوودی لەمانە نەبینی پێویستە سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت بۆ ئەوەی دەرمانی ئازارشکێنی وەکو پاراسیتامۆڵ یان بڕۆفینی بۆبنوسێت ، پێویستە پزیشکی منداڵ بڕی دەرمانەکە دیاری بکات ،تکایە لەخۆتەوە دەرمان بەکارنەهێنیت بۆ منداڵ.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *