٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
وردبینی کراوەو وردبینی نەکراوە..
چیرۆکی دواکەوتنی مووچەی فەرامانبەرانی هەرێم کەی کۆتایی دێت؟
بۆچی وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا مووچەی مانگی حەوتی رەوانە نەکردووە؟
فەرمانبەرانی عێراق ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی هەشت دەکەن و هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە، هەر رۆژە و زانیارییەک لە لایەن پەرلەمانتار و نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەسەری بڵاو دەبێتەوە.
حکوومەتی هەرێم زیاتر لە سێ هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی رەوانەی بەغدا کردووە بەڵام تا ئێستا بەغدا پارەی رەوانە نەکردووە بەوەش دیار نیە کەی دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات.
هەر یەکە لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم بە فەرمی هیچ زانیارییەکیان لەسەر هۆکاری رەوانە نەکردنی پارە لە بەغداوە بڵاونەکردووەتەوە بەڵام رۆژانە پەرلەمانتار و میدیاکان زانیاری جیاواز لەسەر هۆکاری دواکەوتنی بڵاودەکەنەوە.
بەپێی وتەی پەرلەمانتارە کوردەکان بێت، لە لیستی ئەمجارەی مووچەخۆرانی هەرێمدا، ژمارەیەکی گەورە مووچەخۆری نوێ بۆ لیستەکە زیادکراون ئەوەش هۆکاری دواخستنی رەوانەکردنی پارەکەیە.
بەڵام ئەگەر ئەم زانیاریە دروستبوایە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووچەی ئەوانەی رادەگرت کە زیادکراون هاوشێوەی ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا بەرانبەر بە هێزە ئەمنییەکان ئەنجامیدا.
هەروەها دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە عێراق پارەی نەختینەیی لەبەردەستدا نیە بۆیە پارە بۆ هەرێم رەوانە ناکات، ئەوەش لەلایەن عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندییەوە رەتکراوەتەوە و ئاشکرای کردووە حکوومەتی فیدڕاڵ مانگانە بە قەبارەی ٤٣ ترلیۆن دینار پارەی لەبەردەستدایە و ئەو پارەیەش بەردەوام دەوران دەکات.
پرسی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی بەغداش وەک هۆکارێکی دیکەی دواخستنی مووچە باس دەکرێت.
لیستی مووچەی خانەنشیان و فەرمانبەران لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق پێشتر وردبینی بۆکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەیە کە پێویستە خانەنشیانی هەرێم مووچەکانیان هاوتای بەغدا بکرێت، بۆیە پێناچێت ئەوەش هۆکاری دواخستنەکە بێت.
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەوکاتەی بڕیاریدا حکوومەتی فیدڕاڵ ئەرکی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئەستۆ بگرێت، دوو مەرجی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانا، ئەویش پرسی تەوتین کردن و رادەستکردنی داهاتەکانی بوو بە بەغدا.
ئەم دوو هەنگاوە تا ئێستاشی پێوەبێت وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون.
سەرەڕای ئەوەش لە عێراقەوە پاڵنەرێکی بەهێز هەیە کە بۆچی ئەو بڕە پارە زۆرە مانگانە رەوانەی هەرێم بکرێت هەر بۆیە کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چیرۆکێکە و رەنگە بەمزوانە کۆتایی نایەت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *