٧ڕۆژ – ڕێکخراوی پاسەوان
توێژینەوەى باشترکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لەکاتى قەیرانەکاندا
خراپیی بارودۆخى دارایی و بەردەوامى قەیرانەکان بەتایبەت لە چەند سالى رابردوودا کاریگەریی تەواو نەرێنى لەسەر ژیانى گروپە پەراوێزخراوەکان لە هەرێمى کوردستان دروست کردووەو لە دەرەنجامى توێژینەوەیەکى تایبەتیش لەسەر ئەزمونى ژیانى گروپە پەراوێزخراوەکانى وەک خاوەنپێداویستى تایبەت و گەنجانى دەرەوەى شارەکان ئەو دەرەنجامە بەدەست هاتووە کە پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى نارێکخراوەو زۆر جار لەسەر بنەماى ناسنامە و سیستەمى دۆستخوازیی جیاکاریی دەکرێت و ئینتیماى سیاسیی و ئایینى دەکرێتە پێوەر بۆ دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى.
لە توێژینەوەکەدا کە رێکخراوى پاسەوان بۆ سیاسەتە گشتییەکان بە هاوبەشى پەیمانگەى گەشەپێدان (IDS)ى بەریتانى ئەنجامیداوە، ئاماژە بەوەدراوە کە(لەکاتێکدا هەرێمى کوردستانى عێراق ڕووبەڕووی دۆخى قەیراناویى و ئاوارەیی و تێکچوونى باری ئابووریى و گرفتى کۆمەڵایەتیى و کاریگەرییەکانى گۆڕانى ژینگەیی بووەتەوە، کەسانى پەراوێزخراو؛ بە شێوەیەکى ناجۆر و ڕێژەیی کاریگەرییان لەسەرە و زۆربەیان بێکارن و هەژارن، بە جۆرێک تەنانەت دەستڕاگەیشتنیشیان بە چارەسەرى تەندرووستیی سنووردارە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکارییە فەرمییەکان بە شێوەیەکى فراوان بەردەست نیین. و دەستەوەستانی دامەزراوە فەرمییەکان لە دابینکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، وای کردووە ئەو گرووپە پەراوێزخراوانە پشت بە هاوکاریی نافەرمیی و تایبەت ببەستن.
لە بەشێکى دیکەى توێژینەوەکەدا توێژەران و بەشداربووانى توێژینەوەکە کە بریتیبوون لە گەنجانى پارێزگاى هەڵەبجە و ژنانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە سلێمانى بەوردى گرفتەکانى پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتییان روونکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەداوە، ئەم فۆرمەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى نافەرمى و نارێکخراو، نەک تەنها کاریگەریی ئیجابی لەسەر ژیانى وەرگران دروست نەکردووە بەڵکو زۆر جار رووبەڕووى کێشەى خراپترو مەترسی گەورەتریان دەکاتەوە بەجۆرێک کە لە شێوازى دابەشکردنى هاوکارییەکاندا پرۆسەکە سەلامەت نەبووە و پاراستنى شکۆى مرۆڤ لەبەر چاو نەگیراوە. بەجۆرێک کە وێنە و ڤیدیۆى وەرگرانى هاوکاری کۆمەڵایەتى گیراوەو بەبێ رەزامەندى خۆیان بڵاوکراوەتەوە، یان لەسەر بنەماى ئایینى و سیاسیی جیاکاریی کراوەو هەندێک جاریش لە پرۆسەى هاوکاری کۆمەڵایەتییدا؛ بە هۆى لەکەی کۆمەڵایەتیی، شەرمەزاربوون، دڵەڕاوکێ، توانج و تێگەیشتنى هەڵەى کۆمەڵگەوە؛ پاراستنى شکۆمەندیى وەرگرەکان لەبەرچاو نەگیراوە.
لە کۆتاییدا توێژینەوەکە پەیوەست بە رێکخستنەوەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان چەند راسپاردەیەکى بۆ لایەنە پەیوەندارەکان خستوەتە روو کە گرنگترین راسپاردەکانیش بریتین لە:
– دڵنیابوونەوە لە پاراستنى شکۆمەندیى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لە ڕێگەى وێنەنەگرتن و بڵاونەکردنەوەی لە ناوەندەکانى دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.
– نەهێشتنى بەربەستەکانى بەردەم گرووپە پەراوێزخراوەکان بۆ ئاسانتر دەستڕاگەیشتنیان بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى و پاراستنى سەلامەتییان و بەهەندوەرنەگرتنى ئینتیماى سیاسیی و ئایینیی.
– چارەکردنى کێشەکانی پەیوەست بە پێشکەشکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی. چارەکردنی ئەو لەکەدارکردنەی بە هۆی هەژارییەوە دێتە ئاراوە؛ پێشکەشکردنی هاریکاریی تەندرووستیی گرانبەها و پێشکەشکردنی دەرفەت بۆ پەیداکردنی بژێویی وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *