٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا دوو هاووڵاتی مەدەنی بە دەستی ئەندامانی هێزەکانی کۆماندۆ لە سلێمانی کوژران ئەوەش کاردانەوەی توند و فراوانی دروستکردووە وجارێکی دیکە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێزانە لەلایەن دەستڕۆیشتوەکانی حیزبەوە هاتوەتەوە بەرباس.
هێزەکانی کۆماندۆ کێن و بۆچی بەم دواییانە لە هەموو هێزەکانی دیکە زیاتر رۆڵیان پێدراوە ؟
لە دوای رووداوەکانی ٨ی تەمموزەوە کە تێێدا لاهور شێخ جەنگی لە پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی دوورخرایەوە و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی برای کۆنتڕۆڵی تەواوەتی هێزەکانی یەکێتییان گرتە دەست.
هێزی کۆماندۆ یەکێکە لەو هێزانە کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی شێخ جەعفەر شێخ مستەفادا بوو بەڵام بافڵ تاڵەبانی خستیەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و ئێستا لە تەواوی هێزەکانی دیکەی ئەو حیزبە رۆڵیان زیاتر پێدراوە.
تا پێش رووداوەکانی ٨ی تەمموز ئەم هێزە دەرکەوتنیان زۆر کەم و سنووردار بوو، بەڵام لە دوای ئەو رووداوانەوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی زیاتر پشت بەم هێزە دەبەستێت و بەردەوام لەگەڵیان دەردەکەوێت.
تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێلە پیکابەی کە بافڵ تاڵەبانی زۆرترین کات پێوەی دەردەکەوێت تابلۆی هێزەکانی کۆماندۆی لەسەر بەستراوە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەمە دووەمین جارە ئەندامانی ئەم هێزە بە چەکەکانی دەستیان کێشە تایبەتییەکانیان یەکلا دەکەنەوە و هاووڵاتی مەدەنی دەکوژن.
بەپێی وتەی ئەو شایەتحاڵانەی لە رووداوی کوشتنی ئاری چایچی قسەیان کردووە، تۆمەتباری سەرەکی پێشتر چەند جارێک چووەتە ئەو شوێنە و هەڕەشەی لە کاسبکارەکان کردووە و پێگەی خۆی لەناو ئەو هێزەدا بەکارهێناوە.
هاوشێوەی ئەم بکوژە، ١٠ رۆژ لەمەوبەر کارمەندێکی دیکەی هێزەکانی کۆماندۆ دەستڕێژی لە گەنجێک کرد و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بکوژەکە پێشتر بە تۆمەتی تەقە کردن لە خەڵک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو بەڵام دەستگیر نەکرابوو.
ئەوەی جێگەی چۆن سەرنجە رێگە بەم تەقە کەرانە دەدرێت لەناو هێزە فەرمی و تایبەتەکاندا جێگایان بکرێتەوە؟
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *