٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
پاڵاوگەکان، بە ئاشکرا و بێ مۆڵەت لە سنورەکانی یەكێتی و پارتیدا کاردەکەن، کێن ئەوانەی لە پشت پاڵاوگە نایاسایی وبێ مۆڵەتەکانەوەن؟
دیمەنی سوتانی پاڵاوگەیەکی نایاسایی لەسەر ڕێگای هەولێر گوێڕ، کە دەیان کاتژمێر تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بوون جارێکی دیکە دۆسیەی پاڵاوگە نایاساییەکانی هێناوەتەوە بەر باس.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ٧رۆژ ئەنجامی داوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان دوو هێندە زیادیان کردووە و مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەکانیشیان دوو هێندە زیاتر بووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٠٠) پاڵاوگە و گۆڕەپانی سوتەمەنی بوونیان هەیە، زۆرینەی ئەم پاڵاوگە وگۆڕەپانانە مۆڵەتی یاساییان نیە و هیچ ڕێنماییەکی سەلامەتی و ژینگەییان لەسەر جێبەجێ ناکرێت ئەوەش وایکردووە قەبارەی مەترسییەکانیان لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان و ئاوی ژێر زەوی زیاتر بێت.
پاڵاوگەکان لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا دابەشبوون:
لە سنوری پارێزگای هەولێر، زیاتر لە (١٠٠) پاڵاوگەی نایاسایی بوونیان و لەو ژمارەیە تەنیا سێ پالاوگەیان مۆڵەتی ژینگەییان هەیە.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی (٤٤) شوێن و کۆگای سوتەمەنی هەیە کە مۆڵەتی یاسایی و ڕەزامەندی ژینگەیان نیە.
هەروەها لە سنوری پارێزگای دهۆک، لە کۆی (٤٨) پاڵاوگەو شوێنی کۆگاکردنی نەوتو سوتەمەنی نزیکەی (٣٦)یان هیچ مۆڵەتێکی یاساییان نیەو لە دەرەوەی یاساو رێنمایی و ستانداردەكانی سەلامەتی و ژینگە کار دەکەن.
لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢١)، یاسای ژمارە (٣)ی تایبەت بە هاوردەكردن و عەمباركردن وفرۆشتنی بەرهەمە نەوتیەكان لەهەرێمی كوردستان دەرچووە، بە پێی ئەم یاسایە دەبوو وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەربکات بەڵام هەتا ئێستا ئەو وەزارەتە لەم بوارە هیچ هەنگاوێکی کرداری نەهاویشتووە.
کاریگەرییە خراپەکانی ئەم پاڵاوگانە راستەوخۆ لەسەر تەندروستی دانیشتوان دەردەکەون، بەپێی توێژینەوەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە، ئەوە جیا لەو کاریگە خراپانەی لەسەر ژینگە و ئاوی ژێر زەوی جێی دەهێڵن.
راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هۆکارێکی بەهێز بووە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو پاڵاوگانە، ئێستا رۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و زۆرینەی ئەم بڕە نەوتە لەو پاڵاوگانە بەشێوەی ناتەندروست دەپاڵێورێت، سوتەمەنی کوالێتی خراپ بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر هاووڵاتیاندا ساغ دەکرێتەوە.
دەستڕۆیشتو و کوڕە مەسولەکانی ناو پارتی و یەکێتی هاوشێوەی تەواوی کەرتەکانی دیکە لە پشت پاڵاوگەکانەوەن حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەسەڵاتیان بەسەریاندا ناشکێت ئەوەش وایکردووە بەردەوام ژمارەیان زیاتر دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *