٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
یەکێک لەسەر ئۆتۆمبێل باوکی دەکوژێت یەکێکی دیکەش لە داخی هاوسەرەکەی ئۆتۆمبێل دەسوتێنێت
ئەمە بەشێک لەو رووداوانەن کە تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە شاری سلێمانی روویاندا.
ماوەی هەفتەیەک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان رووداوەکانی کوشتن و تەقەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە و بەهۆیانەوە ژمارەیەک کوژراو برینداری خستوەتەوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە دوو بازرگان لە شاری هەولێر بە پاسەوان و کەسە نزیکەکانیان لەسەر پارچە زەوییەک کە لە بنەڕەتدا موڵکی گشتییە یەکتریان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و سیانی دیکەش برینداربوون.
دیمەنەکانی رووداوەکە زیاتر لە فیلمە سینەماییەکان دەچوون، بە چەکی جۆرا و جۆر لە مەودایەکی کەمدا دوو گرووپی چەکدار بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزەوە تەقەیان لە یەکتر کرد.
پێش ئەو رووداوە لە سنووری گەرمیان بەهۆی کێشەی زەوی زارەوە شەش برا کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش بووبوون تەقەیان لە یەکتر کرد و بەهۆیەوە برایەکی خۆیان کوشت.
ئەمڕۆش لەناو جەرگەی شاری دهۆک لە رووداوێکی تەقەکردندا کەسێک بە هەڕەمەکی تەقە دەکات و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار دەکات کە برینی یەکێکیان سەختە.
هێزە ئەمنییەکان دهۆک لە هەوڵی دەستگیرکردنی تەقەکەرەکەدان بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دەستگیر نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە سلێمانی کۆڕێک باوکی خۆی کوشت و ژنێکیش لە داخی مێردەکەی ئۆتۆمبێلەکەیانی بە شاخی ئەزمەڕەوە سووتاند.
پۆلیسی سلێمانی وێنەی بکوژەکەی بڵاوکردەوە کە گەنجێکی تاتۆ لە قۆڵە و لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ە،بەپێی زانیارییەکان بەهۆی داواکاری بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل لەگەڵ باوکی بووەتە کێشە و بەچەقۆ کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
هەر ئەمڕۆ هەواڵی سوتانی ئۆتۆمبێلێک لە شاخی ئەزمەڕ بڵاوکرایەوە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی سلێمانی ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن ژنێکەوە سوتێنراوە و هۆکارەکەشی بۆ کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی گەڕاندووەتەوە.
زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن و بڕین لە هەرێمی کوردستان دەرخەری کەمبوونەوەی متمانەی هاووڵاتیانە بە یاسا و دادگاکان.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ خاوی لە پڕۆسەی بەدوادچوون و رێکارەکان وایکردووە هاووڵاتیان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان کەمتر پەنا بۆ دادگاکان بەرن و بە چەکەکانی دەستیان کێشەکانیان یەکلا بکەنەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *