٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە بەردەم رۆژنامەنووساندا بە گۆڕی مام جەلال سوێندی خوارد کە هیچ کات سلێمانی جێ ناهێڵت و وتی بهڵێنتان پێئهدهم بۆ ههتاههتایه لهلاتان ئهمێنمهوه، ئێسكهكانیشم بهجێتانناهێڵن.
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەو حیزبە سەردانی گۆڕی مام جەلالی کرد و تێیدا قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد.
سەرۆکی یەکێتی بە دیاری کراوی مایکی کەناڵی رووداوی سەر بە نێچێرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی بە دەستەوە گرت و لە رێگەی ئەو کەناڵەوە پەیامێکی بە گوێی نەیارەکانی دا.
سەرۆکی یەکێتی وتی “با نهيارهكانمان بتۆقن، بترسن، ئێمه ههر دهیبهینهوه. بهڵێنتان پێئهدهم بۆ ههتاههتایه لهلاتان ئهمێنمهوه، ئێسكهكانیشم بهجێتانناهێڵن”.
ئەم وتانەی سەرۆکی یەکێتی لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە وەڵامی پەیامێکی دابێتەوە کە تێیدا داوای جێهێشتنی سلێمانی و سەرۆکایەتی کردنی یەکێتی لێ کرابێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ٧رۆژ کەوتوون، پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بەهۆی مل نەدانی بووە بۆ داواکارییەکانی تورکیا لە هاوکاریکردنی لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بۆیە رووبەڕووی فشاری زۆر بووەتەوە.
پێشتر ٧رۆژ لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە زانیاری ئەوەی دەست خست کە فشارێکی زۆر لەسەر سەرۆکی یەکێتی دروستکراوە تا سلێمانی بەرەو دەرەوەی وڵات جێبهێڵێت.
پێشتریش چەند میدیاکارێکی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم زانیاری لەو شێوەیان بڵاوکردەوە کە داواکراوە سەرۆکی یەکێتی سلێمانی جێبهێڵێت.
بڵاوبوونەوەی ئەو زانیاریانە هاوکات بوون لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی دیاری ئەمریکی لە واشنتن.
هاتنە دەرەوەی زانیاری لەسەر فشارکردن لە سەرۆکی یەکێتی لە کەسایەتییە نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانییەوە بوو، ئەمڕۆش بافڵ تاڵەبانی لە میدیاکەی نێچیرڤان بارزانییەوە وەڵامی ئەو پرسەی دایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا پێشتر چەندین جار هەڕەشەی لە یەکێتی و سەرۆکەکەی کردووە کە ئەگەر لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکەدا هاوکاریان نەکەن کاردانەوەی توندیان بەرانبەری دەبێت.
تورکیا ساڵی رابردوو هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی لە عەربەت کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی ئەو هێزە شەهید و سیانی دیکەش بریندار بوون.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *