٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
سەرەتای ئەم هەفتەیە ٩٧ پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەریەکەیان بڕی ٥٢ ملیۆن دیناری ئیکرامیەی خانەنشین بوونیان وەرگرت و بەوەش جارێکی دیکە ناوی پەرلەمان بوویەوە بابەتی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ٧رۆژ لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەستی خستوون، جگە لەو پەرلەمانتارانەی لە خولی چوارەمدا ئیکرامیەکەیان وەرگرتووە و لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری دیکە کە خانەنشین بوونی خۆیان رەت کردووەتەوە ئەوانی دیکە ئەو بڕە پارەیان وەرگرتووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ٧رۆژ، زیاتر لە پێنج ملیار و 54 ملیۆن دینار بە یەک گوژمە بۆ ئەو پەرلەمانتارانە خەرج کراوە.
لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڕی ٦٢ ملیۆن دیناری وەک ئیکرامیە وەرگرتووە، بەڵام رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان لە خولی رابردوودا ئیکرامیەکەیان وەرگرتووە.
جیا لەوان، هەریەکە لە عەلی حەمەساڵح، مەلا هەورامان گەچێنەیی، ئەبوبەکر هەڵەدنی، عەباس فەتاح، شێرکۆ جەودەت و عەبدوستار مەجید لەبەرئەوەی لە خولی چوارەمیشدا پەرلەمانتار بوون لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەماندا ٥٢ ملیۆن دینارەکەیان وەرگرتووە.
چوار پەرلەمانتاریش بەهۆی رەتکردنەوەی خانەنشین بوونیان
سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و دوو پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی شیرین ئەمین و شایان عەسکەری بەهۆی رەتکردنەوەی خانەنشین بوونیان ئیکرامییەکەیان وەرنەگرتووە.
هەرچی ئەو پەرلەمانتارانەیە کە لە کۆتاییەکانی تەمەنی خولی پێنجەمدا بوونە پەرلەمانتار تا ئێستا دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان واژۆی لەسەر خانەنشین بوونیان نەکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ٧رۆژ ئەو پەرلەمانتارانە داوای خانەنشین بوونیان کردووە بەڵام لە ترسی کاردانەوەی خەڵک خانەنشین نەکراون.
وەرگرتنی ئەو پارە زۆرە بە شێوەی مۆڵ و کاش لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەوە لە کاتێکدایە، پەرلەمان لە خولی پێنجەمدا کەمترین رۆڵی لە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان هەبوو ئەوەش بەهۆی دەستوەردانە زۆرەکانی پارتی و یەکێتییەوە.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بەشێوەی نایاسایی دادگای فیدڕاڵی عێراق بە بڕیارێک هەڵێوەشاندەوە، بۆیە وەرگرتنی ٥٢ ملیۆن دینار بۆ هەر پەرلەمانتارێک بووە دوایین چیرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *