جۆینی تیلیگرام بن

مەترسییەکانی هەڵکۆڵینی چیای گۆیژە لەسەر سلێمانی چی دەبن؟

مەترسییەکانی هەڵکۆڵینی چیای گۆیژە لەسەر سلێمانی چی دەبن؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

کاردانەوەکان دژی هەڵکۆڵینی چیای گۆیژە لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە بەردەوامە و کۆمپانیاکەش نەک هەر گوێی بە ناڕەزایەتییەکان نەداوە بەڵکو ماستەر پلانی پڕۆژەکەی بڵاوکردووەتەوە و بەردەوامە لە هەڵکۆڵین.

ماوەی هەفتەیەکە توڕەیی و نیگەرانی دانیشتوانی سلێمانی بەرانبەر بە پرۆژەیەکی نیشتەجێ بوونی کۆمپانیای قەیوان لە چیای گۆیژە بەرزبووەتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی فراوان رەخنەی توند ئاڕاستەی یەکێتی نیشتیمانی وەک حیزبی حاکمی شارەکە و کۆمپانیاکەش وەک لایەنی جێبەجێ کار دەکرێت.

شارەزایان پێیان وایە، ئەو پڕۆژەیە زیانەکانی بۆ سەر سلێمانی زۆر لەوە زیاترن کە تەنیا سروشتی شاخەکانی دەورووبەری سلێمانی تێکدەدات.

بەبڕوای شارەزایان بنیاتنانی ئەو ژمارە زۆرەی باڵەخانە لە ناوچە شاخاوییەکانی دەورووبەروی سلێمانی کاریگەری گەورەی بۆ سەر کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی شارەکە هەیە، بەوپێیەی ئەو قەبارە زۆرەی چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی رۆڵێکی یەکجار خراپیان لە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی شارەکە دەبێت.

بەپێی ئەو ماستەر پلانەی کۆمپانیای قەیوان بڵاویکردووەتەوە و وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ جوانکردنی سلێمانی نیشانی دەدات، دوو گردی گەورەی چیای گۆیژە پڕ دەکرێن لە یەکەی نیشتەجێ بوون، لە کاتێکدا ئەو گردانە دەکرا بۆ باشترکردنی کەشوهەوای سلێمانی سەوز بکرێن.

رەخنەگران پێیان وایە، ئەم پرۆژەیە تەنیا بەو دوو گردەی چیای گۆیژەوە ناوەستێت و ئەگەر فشاری خەڵک پرۆژەکە رانەگرێت ئەوا لە بەرزاییەکانی دیکەی سلێمانی وەک ئەزمەر پرۆژەی هاوشێوە دروست دەکرێت.

یەکێکی دیکە لەو مەترسیانە ئەو پرۆژەیە و پڕۆژەکانی دیکە لەسەر شارەکە دروستی دەکات، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە کە زیاتر پشت بە ئاوی ژێر زەمین دەبەستێت، ئەم پڕۆژانە بە گشتی بوونەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئاوی ژێر زەوی کە ئەوە مەترسییەکانی زیادبوونی زەمینلەرزە و وشکەساڵی زیاتر دەکات.

کەشوهەوای شاری سلێمانی بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافییەکەی لە وەرزی گەرمادا مامناوەندە و پێچەوانەی شارەکانی دیکەی کوردستان پلەی گەرما ناگاتە حاڵەتی نائاسایی.

بەڵام بەبوونی ئەو پرۆژانە بە بەرزاییەکانی شارەکەوە پێ ناچێت چیتر کەشوهەوای ئاسایی بۆ بمێنێتەوە و شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن لە داهاتوودا پلەکانی گەرما بگەنە ئاستە نائاساییەکان.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو