٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
ئەمە کارەکتەرێکی کۆمیدی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، پارچە گۆرانییەکی میللی بەشێوازی تایبەتی خۆی وتووەتەوە و بووەتە پرسی رۆژی زۆرینەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
کار گەیشتوەتە ئەوەی روونکردنەوە لەسەر خاوەندارێتی ئەو پارچە گۆرانیە دەدرێت و هەر کەسەو خۆی بە خاوەنی دەزانێت.
خەڵکی کوردستان خراپترین رۆژەکانی تەمەنیان تێپەڕدەکەن، دۆخی دارایی و سیاسییان لەوپەڕی خراپیدایە، قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی نزیک بووەتەوە، کەرتی پەروەردە، تەندروستی کشتوکاڵ و تەواوی سێکتەرەکانی دیکە لە لێواری رووخانی یەکجارەکی دان.
کەچی پارچە گۆرانییەکی کارەکتەرێکی کۆمیدی بووەتە پرسی رۆژی خەڵک و بچوک و گەورە قسەی لەسەر دەکات.
ئەوەی بووەتە جێگای سەرنج ئەو میدیایانەی بە پارە و قوتی خەڵک بنیاتنراون و بانگەشەی یەکەمی سەر ئاستی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن مایکەکانیان بۆ گەرمکردنی ئەم جۆرە پرسانە بەردەوام ئامادەیە.
ئەمە تەنیا دۆسیەیەک نیە کە خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکرێت، شەڕی نێوان بوک و خەسوو، زاوا و خەزوور، پرسی کچە مۆدێل، ژنهێنانی مەلا و دەستەواژەی بازاڕی لەو بابەتانەن ناو بە ناو دەکرێنە ترێندی سۆشیال میدیا.
ئەم دۆخە بە لای شارەزایانەوە بە سەردەمی پوچگەرایی وەسف دەکرێت.
پوچگەرایی دەستەواژەیەکە کە لە سەدەی ١٨یەمەوە لەناو رووس و ئەڵمانەکاندا بەکارهاتووە و تەواوی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی بێ بەها دەکات، ئێستا شارەزایان بڕوایان وایە بەهۆی کاریگەرییەکانی جیهانگیرییەوە بە ئەم دەستەواژەیە بە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە.
پوچگەرایی کاتێک دەگاتە کۆمەڵگایەک، شتی بێ بایەخ و بێ بەها جێگای پرسە گرنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە،خەڵک ئەوەندە بەو بابەتە بێ بەهایانە سەرقاڵ دەبێت، ئەوەندە گرنگی بە کێشە جەوهەرییەکانی کۆمەڵگاکەی نادات.
ئێستا لە کوردستان، بە دەیان رۆژ تەواوی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان لەسەر هاوسەرگیری مامۆستایەکی ئاینی، یان دەستەواژەیەکی بازاڕی سەرقاڵ دەبن کەچی دۆسیەیەکی وەک پەرەسەندنی سامناکی مادە هۆشبەرەکان نابێتە جێگەی سەرنجیان.
بەپێی ئامارەکان، دەستگیرکراوانی بازرگانی و بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو ١٢ هێندە زیادی کردووە کەچی لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایتیەکان نابێتە پرسێکی گەرم بەڵام پارچە گۆرانییەکی گەنجێکی لەفە فرۆش بە چەندین رۆژ قسەی لەسەر دەکرێتەوە.
بۆیە بەبڕوای تۆ ئێستا هەرێمی کوردستان لە سەردەمی پوچگەراییدایە؟
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *