٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە دوو تۆن ماددەی هۆشبەر لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت هەرێم کەوتوەتە سەر نەخشەی جیهانی ماددە هۆشبەرەکان.
دەست بەسەردا گرتنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی پرسی مامەڵەکردن بەو ماددە مەترسیدارانە لە هەرێمی کوردستان هێناوەتە ئاراوە.
بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکانی هەرێمەوە وەریان گرتووە، نەک بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار هەڵکشاون بەڵکو شارەکانی هەرێم بوونەتە رێڕەوی سەرەکی بۆ گواستنەوە ئەو ماددانە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی جیهان.
رۆژ نیە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانی یان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێم رانەگەیەنن، ئەگەر لە رابردوودا لە سنوورەکانی ئێرانەوە ئەو ماددانە هاوردەی هەرێم بکرانایە ئێستا ئاماژەکان بەو ئاڕاستەن هەر لەناوخۆی هەرێم بەرهەم دەهێنرێن و رەوانەی وڵاتانی دراوسێ دەکرێن.
لە دوایین راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم باندێکی بازرگانی نێودەوڵەتی بە ٣٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەناو شاری سلێمانی دەستگیرکراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دزەیان کردووەتە ناو میدیاکان یەکێک لە بازرگانەکانی پێشتر ئەفسەری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بووە، راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرەی پشتڕاستکردووەتەوە بەڵام رایگەیاندووە ماوەیەکە دەستی لە کارەکەی هەڵگرتووە.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێکی بەرچاوی دەستگیرکراوەکان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کاریان کردووە، ئەوەش گومانی ئەوەی دروستکردووە هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکانی هەرێم بەشێکیان سەرقاڵی بازرگانی کردن بن بەو ماددانەوە.
هەرچەندە ئاشکرابوو، لە کاتی دەستبەسەردا گرتنی کارگەکەی سلێمانی کە کریستاڵ و تلیاکی تێدا بەرهەم هێنرابوو، ئەفسەرێکی پلەباڵای خانەنشین لەسەر ئەو دۆسیە دەستگیرکراوە.
خراپی دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق، ئاڵۆزی سیاسی لە هەرێم لەو هۆکارە بەهێزانە بوون کە چاو لەسەر پەرەسەندنی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر نەمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵکەوتوویی سنووریی جوگرافی عێراق لە گەڵ دراوسێکانی وایکردووە ببێتە ڕێرەوێکی سەرەکی جیهانی بۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەر.
هەرچەندە تا ئێستا ئامارێکی وردی بەکارهێنەر و بازرگانی بەو ماددە مەترسیدارانەوە لە هەریم لە بەردەستدا نیە بەڵام ساڵانە رێژەکە بەشێوەیەکی سامناک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک ساڵی ٢٠١٩ تەنیا دەست بەسەر ٢٠٦ کیلۆگرام گیراوە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ دوو تۆن و ٧٠٨ کیلۆگرام بەرزبووەتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *