٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
سزاکانی ئەمریکا هۆکاری کوژرانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و سێ بەرپرسە باڵای دیکەی ئەو وڵاتەن، ئەم وتەی جەواد زەریف وەزیری پێشووی حکوومەتی ئێرانە.
تا دێت زانیاری نوێ لەسەر رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناو میدیاکان دزە دەکات.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، خراپی کەشوهەوا هۆکاری تێکشکانی کۆپتەرەکەیان بووە.
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران هاوڕێ لەگەڵ ئەمیر عەبدوللاهیان وەزیری دەرەوەی کابینەکەی و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە بۆ کردنەوەی سەدێکی هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان سەردانی ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی کرد.
ئەو کۆپتەرەی رەئیسی و تیمە وزارییەکەی دەگواستەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵ تەمەنی هەیە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە ویلایەتی تەکساس بەرهەم هێنراوە.
کۆپتەرەکە ناوی بێل ٢٢ە، لە ساڵی ١٩٦٨ەوە خراوەتە خزمەتی سەربازییەوە و بۆ مەبەستی سەربازی و مەدەنی بەکارهاتووە.
ئێران لەسەردەمی محەمەد رەزا پەهلەوی شای پێشووی ئەو وڵاتە شەش کۆپتەری لەو جۆرەی لە ئیتاڵیا کڕیوە بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە نەتوانراوە وەک پێویست پارچەکانی ئەو کۆپتەرانە نوێ بکرێنەوە بۆیە وەک میدیاکانی ئەو وڵاتە باسیان لێ کردووە دەستکاری هەندێک لە پێکهاتەکەی بە کەرەستەی ناوخۆیی ئێران کراوە.
جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران لە یەکەم لێدوانی لەسەر کوژرانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی وتی، سزاکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکی ئەو رووداوەیە، چونکە بە هۆی سزاکانەوە ئێران ناتوانێت دەستی بە تەکنەلۆژیای نوێ لە بواری فڕۆکەوانیدا بگات.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە کە تەواوی سێکتەرەکانی ئێرانی پەکخستوە، کۆمپانیا بیانیەکان ناتوانن هیچ پارچەیەکی یەدەگی فڕۆکە بەو وڵاتانە بفرۆشن، ئەوەش ئێرانی ناچار کردووە لە هەندێک باردا دەستکاری پێکهاتەی فڕۆکەکان بکات یان لەبەرگیراوەی ئەو پارچە لەکارکەوتوانە دروست بکاتەوە.
هەر لە سەرەتای رووداوەکەوە تا کاتی دۆزینەوەی تەرمەکان توانای ئێران لە بواری ئاسمانیدا کەوتە ژێر پرسیاری جددیەوە چۆن سەرۆکی وڵاتەکە دوای ١٨ کاتژمێر بە هاوکاری وڵاتانی بیانی توانرا بدۆزرێتەوە.
هەر یەکە لە تورکیا و یەکێتی ئەورووپا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مانگی دەستکرد بەشدارییان لە دۆزینەوەی کۆپتەرەکەی رەئیسیدا کرد.
هەرچەندە لەگەڵ کۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسیدا دوو کۆپتەری دیکە هاوڕێیەتیان کردووە بەڵام ئەوان بە سەلامەتی نیشتونەتەوە ئەوەش پرسیاری بێ وەڵامی لەسەر رووداوەکە هێناوەتە ئاراوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *