٧ڕۆژ – تایبەت
٧رۆژ دۆسیەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژمارەیەک کچی ناو وەزارەتی داد ئاشکرا دەکات، کە لەلایەن بەرپرسێکی باڵاوە بە بەڵێنی پێدانی پۆست بەکارهێنراون.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ٧رۆژ ئەنجامی داون، بەرپرسێکی باڵا بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر ژمارەیەک کچ و ژنی ناو وەزارەتەکە و دیمەنەکانی تۆمار کردوون.
رۆژنامەنووس هانا چۆمانی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە یەکەمجار دۆسیەکەی لە هەژماری خۆی بڵاوکردەوە و ئاشكرای کرد دەیان کچە کارمەندی وەزارەتی داد لەو دۆسیەوە تێوەگلێنراون.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی دەست ٧رۆژ کەوتوون دەردەکەوێت ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی داد دیمەنی گفتوگۆکانی لەگەڵ قوربانیەکاندا تۆمار کردووە و وەک هەڕەشە بۆی رەوانە کردوونەتەوە گەر بێدەنگی هەڵنەبژێرن دیمەنی ورووژێنەرەکانیان رەوانەی هاوسەر و کەسوکارەکانیان دەکات.
لە یەکێک لەو دیمەنانەدا دەردەکەوێت، کە خۆی وەک هەڕەشە لە قوربانییەکان دانی پێدا ناوە، تەواوی دەستدرێژییە سێکسییەکانی تۆمار کردووە و ئەگەر مەترسی لەسەر دروست بێت بڵاویان دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ٧رۆژ، ئەو بەرپرسە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لەناو وەزارەتی داد هەیە و ناو و پۆستەکەی و پێگە سیاسییەکەی لای ٧رۆژ پارێزراوە.
وەزارەتی دادی هەرێم ئامادە نیە قسە لەسەر ئەو پرسە بکات.
٧رۆژ پەیوەندی بە شیلان عارف حەمە، بریکاری وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێم کرد بەڵام بە تۆنێکی نەگونجاو رەتیکردەوە قسە لەسەر ئەو پرسە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بێ ئاگایانە بوونی دۆسیەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی لە دادگایە.
دۆسیەکە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە لە دادگای سلێمانی روویداوە، بەڵام وتەبێژی دادگای سلێمانی رەتیکردەوە ئەو کەسەی دۆسیەکەی لەسەر ئاشکرا بووە لە سلێمانی و دادوەری دادگاکەیان بێت.
دادوەر سەلاح حەسەن قادر وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەوبارەوە قسەی بۆ ٧رۆژ کرد و باسی لەوەکرد ئەو دۆسیەیە هیچ پەیوەندی بە دادگای سلێمانیەوە و نیە و تەنانەت لە سلێمانیش رووی نەداوە.
٧رۆژ ئەوەی زانیوە، وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێم لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دۆسیەکە پێکهێناوە و براوەتە دادگا بەڵام دیار نیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان گەیشتوەتە کوێ.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ٧رۆژ، دۆسیەکە ئەو کاتە ئاشکرا بووە کە بەڕێوەبەرە گشتییەکەی وەزارەتی داد نەیتوانیوە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە لەبەرانبەر وەرگرتنی سێکس لە قوربانییەکان داویەتی هەر بۆیە دزەی کردووەتە دەرەوە.
لەو دیمەنانەی دەست ٧رۆژ کەوتوون، دەیان کچ و ژن نامەی وروژێنەریان لەگەڵ ئەو بەرپرسە گۆڕیوەتەوە و باسی ئەو کاتانەیان لەگەڵ کردووە کە سێکسی لەگەڵ ئەنجام داون.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو گفتوگۆیانە دەرکەوتوون کە تێیدا نەیتوانیوە بەڵێنەکانی کە بە قوربانییەکان داوە جێبەجێیان بکات.
تا ئێستا بە وردی ژمارەی ئەو کچ و ژنانە نازانرێت کە لەلایەن ئەو بەرپرسەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر بەڵام باس لە ١٧ کارمەندی ژن و کچی ناو دەزگاکە دەکرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *