٧ڕۆژ – تایبەت
نوێنەری پارتی لە ئەنجوومەنی دادوەریی دادگای فیدڕاڵی عێراق کشانەوەی خۆی راگەیاندووە ئەوەش وەک کاردانەوەیەک دژی بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگاکە دژی هەرێمی کوردستان بە گشتی و دەسەڵاتەکانی ئەو حیزبە بە تایبەتی.
دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زنجیرەیەک بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە کە جیا لەوەی کاریگەرییان لەسەر تەواوی خەڵکی کوردستان قەوارەی دەستووریی هەرێم هەبووە، راستەوخۆ دەسەڵات و پێگەی پارتی دیموکراتی کردووەتە ئامانج.
بڕیارەکان لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە دەستی پێ کردوو بە دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە کاندیدێتی پۆستی سەرۆک کۆمار و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان و وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە حکوومەتی هەرێم گەیشتە لوتکە.
تەواوی ئەو بڕیارانە بە پشتیوانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەرکراون و راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشێک لەلایەنەکانی هەریمی کوردستان لەوانە یەکێتی نیشتمانی دەستی تیایاندا هەبووە.
بەم دۆخەوە، دادگای فیدڕاڵی دیار نیە کەی بڕیاری نوێ دژی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی بە دیاریکراوی دەردەکات.
پشیبینییەکان بەو ئاڕاستەن لە ئایندەیەکی نزیکدا دژی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و دەزگا هەواڵگرییەکانی پارتی و یەکێتی بڕیاری هاوشێوە لە دادگاکەوە دەربچن.
بەڵام دیار نیە کاردانەوەی پارتی چۆن دەبێت، ئەوەی تا ئێستا هەیە نوێنەرەکەی خۆی لە ئەنجوومەنی دادوەری دادگاکە کشاندوەتەوە بەڵام پێ ناچێت زۆر نیازی کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق هەبێت ئەوەندەی دەیەوێت نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر فشارەکان نیشان بدات.
سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا و پێشوازی لێکردنی لە ئاستی باڵا و ئەنجام نەدانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سودانی بۆ کۆشکی سپی وایکردووە جۆرێک لە بەهێزی هەڵوێست لای پارتی و حکوومەتی هەرێم دروست بێت، هەر بۆیە دوای گەیشتنەوەی سەرۆکی حکوومەت هەنگاوی دژی دادگای فیدڕاڵی گرتە بەر.
بەڵام پێشبینی ناکرێت پارتی هەمان سیناریۆی سوننەکان دوبارە بکاتەوە کە بەهۆیەوە ماوەی چەند ساڵێک لە پڕۆسەی سیاسی عیراق دابڕان و ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر پێگەیان جێهێشت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *