ژوان ئه‌حمه‌د سه‌عید
هه‌موو ساڵێك په‌تای ڕاپه‌ڕین ده‌مانگرێت، له‌بری توێژینه‌وه‌و وردبونه‌وه له ئه‌نجامی راپه‌رین‌و هۆكاری شكسته‌كانی دوای راپه‌رین و حوكمڕانی، خاڵه گه‌ش‌و خامۆشه‌كانی، دوو خاڵ زه‌ق ده‌كرێته‌وه:
– كێ ئه‌ندازیاری راپه‌رین بوه؟
– دیوه ناشرینه‌كانی دوای راپه‌رین باس ده‌كرێت
كێ ئه‌ندازیاری راپه‌رین بوه؟
راپه‌رین پێویسته وه‌ك جوڵه‌یه‌كی بابه‌تیانه سه‌یر بكرێت، دۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه به ته‌واوی خه‌مڵیبوو بۆ جوڵه‌یه‌كی له‌و جۆره، به‌ره‌ی كوردستان به هه‌موو حزبه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر كردوه‌و به‌رنامه‌ی بۆ داناوه.. تاكه كه‌سێكیش كه دركی به‌وه كردوه مام جه‌لال بوه، مام جه‌لال له ساڵی 1989 له به‌ریتانیا له كۆڕێكدا پێشبینی ئه‌وه‌ی كردوه كه سه‌دام كوه‌یت داگیر ده‌كات و ئه‌وه‌شی به هه‌موو هه‌ڤاڵه‌كانی له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتوه، كه له دۆخێكی له‌و جۆره‌دا سه‌ددام شكست ده‌هێنێت و بارودۆخێكی بابه‌تیانه دروست ده‌بێت كه له‌گه‌ڵ په‌لاماردانی رژێمی به‌عس، كوردیش له باكوره‌وه فشار بكات و به راپه‌رین و جوڵه‌ی سه‌ربازی هه‌وڵ بۆ رزگار كردنی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان بدات.
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و پێشبینیانه، كاك نه‌وشیروان‌و به‌ره‌ی كوردستانی به‌رنامه‌یان بۆ دارشتوه به یه‌كێتی‌و پارتی‌و هه‌موو حزبه‌كانی تره‌وه.. له به‌شداریشدا هه‌موو دوای جه‌ماوه‌ر تیایدا به‌شداربون هه‌ریه‌ك به رێژه‌ی خۆی دور له‌وه‌ش، ئه‌گه‌ر كنه‌یه‌كی ورد به مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دوای ئه‌نفال بكه‌یت، به‌شێك له‌و ناوانه‌ی گه‌وره كراون و به پاڵه‌وان ده‌ناسرێن و دوباره مێژوویان بۆ داده‌رێژرێته‌وه، له ساته‌وه‌ختی ئه‌نفال و گرتنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، به ئاشكرا روخاون‌و بگره هانی پێشمه‌رگه‌یان داوه برۆن یاخود ته‌سلیم به رژێم ببنه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ سه‌ركرده نامه‌یان بۆ سه‌دام نوسیبوو كه داوای ( التفاته) ئاوردانه‌وه‌یه‌كی باوكانه‌یان لێده‌كردن به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بوبێت باس ناكرێت، ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته راده‌یه‌ك، مام جه‌لال داوای ده‌رفه‌تی ته‌نها شه‌ش مانگ ده‌كات كه خۆڕاگر بن و ئه‌گه‌ر هیچ ڕوی نه‌دا ئه‌و كاته سه‌ربه‌ستن له‌وه‌ی ده‌چن گفتوگۆیه‌كی نابه‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ رژێم ده‌كه‌ن یان ته‌سلیم ده‌بنه‌وه، یاخود به‌ره‌و ئه‌وروپا رێگه ده‌گرنه‌وه به‌ر.
چۆن باسی راپه‌رین بكرێت؟
ناكرێت راپه‌رین بكرێته قوربانی بۆ كرده‌وه‌ی سیاسیه‌كان دوای راپه‌رین، راپه‌رین خۆی مێژوویه‌كی جوان‌و پرشنگداره له مێژووی كورددا، جوڵه‌یه‌كه به‌ده‌گمه‌ن له مێژووی ئێمه‌دا‌و ناوچه‌كه‌ش روی داوه، به‌ڵام به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی راپه‌رین له چاوه‌روانی ئێمه‌دا نه‌بوه.
راپه‌رین به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و جێبه‌جێكاری خه‌ڵك و پێشمه‌رگه بون، خه‌ڵك پێش به‌رنامه‌كانی پێشمه‌رگه و شۆڕش كه‌وتن له سه‌ره‌تا به‌ڵام دواتر به‌بێ سه‌ركردایه‌تی كردنی پێشمه‌رگه و شۆڕش ئه‌سته‌م بوو كه راپه‌رین بگاته ئه‌و ئاسته‌ی كه كه‌ركوك یش رزگار بكرێت. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كێ به‌رپرسه له شكستی راپه‌رین و شكستی ئه‌زمونی دوای راپه‌رین؟
ناشرینیه‌كانی راپه‌رین هه‌مومان لێی به‌رپرسین به‌ڵام به ڕێژه، چونكه ته‌نیا سیاسه‌تمه‌دار‌و به‌رپرسه‌كان نه‌بون كه راپه‌رینیان ناشرین كرد، راسته سه‌ركردایه‌تی شۆرش و به‌ره‌ی كوردستانی و حزبه‌كان به گشتی، به‌رنامه‌ی راپه‌رینیان دانا، به‌ڵام هیچ ئاماده‌كاری و به‌رچاو رۆشنیان نه‌بوو بۆ دوای راپه‌رین چی بكرێت؟
راسته ئیداره‌ی به‌ره‌كانی روبه‌روبونه‌وه و شه‌ڕكردنیان دانابوو، به‌ڵام شۆرش و سه‌ركردایه‌تی خاوه‌ن دیدێكی نه‌ك رۆشن، بگره خامۆشیش نه‌بون بۆ ئیداره و به‌رێوه‌بردنی حوكمڕانی، هه‌ر بۆیه له یه‌كه‌م وێستگه‌دا شكست دێنن و شه‌ڕی خۆبه‌خۆ ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ده‌ر له‌وه‌ش، ئێمه به‌رپرسیارین له هه‌ندێك له شكسته‌كانی راپه‌رین، راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ:
– هه‌ر من‌و تۆ نه‌بوین له‌كاتێكدا جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه له ئه‌منه سوره‌كه‌و شوێنه‌كانی تر شه‌ڕیان ده‌كرد، فه‌رهودمان ده‌كرد؟
– كێ بون ئه‌وانه‌ی دوای راپه‌رین بونه داشی ئاودیو كردنی ئامێر‌و ئوتومبێل‌و سه‌رزه‌مین‌و ژێرزه‌مین؟
ئێمه نه‌بوین كه بوینه پێشمه‌رگه‌ی گیان له‌سه‌رده‌ستی هه‌ردوو حزب له شه‌ڕی ناوخۆ یان پیتاكمان بۆ ده‌كردن، یاخود هانمان ده‌دان بۆ نابوت كردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌یان؟
– هه‌ر من‌و تۆ نه‌بوین كه پارتیه‌كانمان له سلێمانی‌و یه‌كێتیه‌كانمان له هه‌ولێر‌و دهۆك ده‌رده‌كرد؟
– هه‌ر من‌و تۆ نه‌بوین بوینه پاسه‌وانی ئه‌و موڵكانه‌ی كه به‌رپرسان داگیریان كرد؟
– من‌و تۆ نه‌بوین كه به‌رگریمان له داگیر كردنی زه‌وی‌و گرد‌و ڤێلاكان ده‌كرد؟ به‌ئێستاشه‌وه؟
– هه‌ر من‌و تۆ نین ئێستاش به‌شێك له پاتاڵه‌كانی سیاسه‌ت و حزب به فریادره‌س‌و زه‌عیم ده‌زانین‌و بگره بوینه‌ته سه‌رباز بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ببنه سه‌ردار‌و به‌شێكی تر نابوت بكه‌ین؟
– هه‌ر من و تۆ نین ئێستا سه‌رۆك و سه‌ركرده نه‌خوێنده‌وار و نه‌زان و ده‌به‌نگ‌و كاڵفامه‌كانی حزب وه‌ك فریشته سه‌یر ده‌كه‌ین، وێنه‌كانیان هه‌ڵده‌واسین و ده‌یانكه‌ین به پرۆفایلی سۆشیال میدیا و ڤیدیۆكانیان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه و قسه پوچ و بێماناكانیان وه‌ك ئیدۆیۆم و قسه‌ی لۆژیكی و فه‌لسه‌فی بیرمه‌ندان لێكده‌ده‌ینه‌وه؟؟!!
بۆیه، راپه‌رین پیرۆزه له جه‌ماوه‌ر‌و هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه و سه‌ری كردانه‌ی كه كردیان پیرۆزه له‌وانه‌ی له دوای راپه‌رین به پاكی مانه‌وه پیرۆزه له‌وانه‌ی ئێستاش ئومێدیان به‌وه‌یه كه حوكمڕانیه‌كی كوردی دادپه‌روه‌ر دروست بێت و خه‌ونی كوردبونیان له‌ده‌ست نه‌داوه پیرۆزه له گشت شاره‌كان و جه‌ماوه‌ره‌كانیان نه‌فره‌تیش له‌وانه‌ی راپه‌رینیان ناشرین كرد، ئه‌وانه‌ی ئێستاش راپه‌رین و كوردایه‌تی ده‌فرۆشن نه‌فره‌ت له‌وانه‌ی كه بونه‌ته كه‌واسوری به‌رده‌م هه‌ر داگیركه‌رێك.
سوپاس بۆ من‌و تۆش ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌رهه‌می راپه‌رین و ده‌سه‌لاتداری خۆمان باشتر بكه‌ین، له‌بری خودنه‌فره‌تی، هه‌وڵ بۆ بونیاتنانی خود و وڵاتێكی باشتر، سیاسه‌تمه‌دارێك له گه‌ل ترسا‌و نه‌ك له دوژمن تۆقیو، ئه‌زمونێكی پاكتر و داپه‌روه‌رانه‌تر، بده‌ین
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *