٧ڕۆژ – تایبەت
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ٢٩-٢-٢٠٢٤ لەناو قەرەباڵغترین ناوچەی بازاڕی سلێمانی پزیشکێکی باکوری کوردستان بە بەرچاوی خەڵک و نزیک لە بنکەیەکی پۆلیسەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و تیرۆرکرا.
رووداوەکە لە بەرامبەر چێشتخانەی وەستا حەسەن لە شاری سلێمانی کە لەناوجەرگەری بازاڕی شارەکەیە روویداوە.
کوژراوەکە ناوی تەواوی عەبدولقادر سەبری تۆپراقە و خەڵکی باکووری کوردستانە و بەهۆی کێشەی سیاسییەوە ساڵانێکە ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە، پێشتر ئەندامی هەدەپە بووە و ماوەی ١٢ ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
عەبدولقادر سەبری خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستانە و ژیانی هاوژینى پێکهێناوە و باوکى سێ منداڵە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ کوژراوەکە لە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی شاری سلێمانی کاری کردووە لەوکاتەی کە کوژراوە بەنیازی کردنەوەی دوکانێک لەناو جەرگەی بازاڕ بووە.
کەسوکاری کوژراوەکە راستەوخۆ پەنجەی تۆمەتیان ئاڕاستەی دەزگای هەواڵگری تورکیا میت کردووە و بە میدیاکانیان وتووە کە هاوڕێی دیکەی بەهەمان شێوە پێشتر تیرۆر
کراوە.
ئەمە یەکەمجار نیە چالاکوانانی باکوری کوردستان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیاوە لە سلێمانی بکرێنە ئامانج و تیرۆر بکرێن بەڵام کوشتنی ئەو پزیشکە و لەناوجەرگەی بازاڕ پرسیاری جددی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
چەند شایەتحاڵێک کە قسەیان بۆ ٧رۆژ کردووە باسیان لەوەکرد، شوێنی رووداوەکە تەنیا چەند مەترێک لە بنکەیەکی پۆلیسەوە دوورە و ئەو ناوچەیەش بەردەوام یەکەیەکی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی تێدا جێگیرکراوە.
کوژرانی ئەم پزیشکە لەناو قەرەباڵغی بازاڕی شاری سلێمانی سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە چی دی شارەکە شوێنێکی ئارام بۆ چالاکوانانی باکور و پارچەکانی دیکەی کوردستان نیە و پڕ بووە لە ئەندامی هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ.
لهم ساڵانەی دواییدا جگه له بۆردومانی درۆنهكان و فڕۆكه جهنگییهكانی تورکیا، زنجیرهیهك ڕووداوی تیرۆرکردن لەناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی روویانداوەو زۆرینەیان لە ئەندامان و چالاکوانانی سەر بە رێکخراوەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *