٧ڕۆژ – تایبەت
سەرەڕای گەڕی نوێی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بەڵام پرسەی خوشکی مەسعود بارزانی لایەنە ناکۆکەکانی لە پیرمام کۆ کردەوە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە پرسەکە لەگەڵ مەسعود بارزانی دەرکەوت و سەرەخۆشی خۆی پێگەیاند.
دەرکەوتنی لایەنە ناکۆکەکان لە پیرمام لە کاتێکدایە تازەیی دادگای فیدڕاڵی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی یەکلاکردەوە کە پارتی و یەکێتی زیاتر لە دووساڵە وەک هەمیشە نەیانتوانی لەسەری بگەنە رێککەوتن.
پرسی ١١ کورسی کۆتاکان جەوهەری ناکۆکییەکانی هەردوولا لەسەر یاساکە بوو بەڵام لە سەر سکاڵایەکی یەکێتی دادگای فیدڕاڵی ئەو پرسەی بە جۆرێک یەکلا کردەوە کە یەکێتی خواستی لەسەر بوو.
جیا لەوە پرسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گەڕێکی نوێی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی دەهێنێتە ئاراوە، پارتی دەیەوێت کاندیدێکی دڵخوازی خۆی لەناو یەکێتی پۆستی پارێزگار وەربگرێت هاوشێوەی ئەوەی لە دیاریکردنی سەرۆک کۆماردا روویدا لە بەرانبەریشدا یەکێتی خۆی بە براوەی هەڵبژاردن دادەنێت بۆیە پۆستەکە بە مافی خۆی دەزانێت.
ئەم ململانێیانەی پارتی و یەکێتی وەک هەمیشە لەسەر حسابی خاک و خەڵکی کوردستان بوون و بەردەوام خەڵک باجی قورسی لەسەر داون.
هەر ئەوەش وایکردووە، هەر بڕیارێک لە عێراقەوە دژی ئەم دوو هێزە سیاسییە دەربکرێت خەڵک پشتیوانی لێ دەکات با لەسەر حسابی دۆزە نەتەوەییەکەش بێت.
لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە کورتکردنەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە پرسی هەڵبژاردن و مووچەی فەرمانبەران خەڵک لەسەر جادە و شەقامەکان ئاهەنگیان گێڕا و شیرینیان بەخشیەوە.
بە سەرنجدان لە رابردووی ئەو دوو هێزە، پێشبینی دەکرێت پارتی و یەکێتی لە هیچ دۆخێکدا نەگەنە رێککەوتن بەوەش چاوەڕێی بارودوخی خراپتر چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *