ئەنوەر حسێن
دوو سەردانی دوو وەفدی باڵای سەربازی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان. لەمساڵدا (٢٠٢٤) پەیوەندی هەیە بە دۆسیەی:
– پارێزگاری كەركوك.
– هێڵی شەمەندەفەری (عێراق – توركیا).
– بەشە ئاوی عێراق.
– ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ڕێگای توركیاوە.
بەڵام هەرچوار دۆسییەكە، پەیوندی هەیە بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.
سەردانی ٢٢-٢٣ـی ئابی ٢٠٢٣ـی هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و سەرۆكی پێشووی دەزگاى (میت) بۆ عێراق و كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەت و سەرۆك كۆمار و هەموو حزبە سیاسییە عەرەبی شیعە، سوننە و توركمانەكان، جگە لەوەى تەنها لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا ١٨ گەشتی بۆ وڵاتان كردوە و دیداری خاریجی ئەنجامداوە.
سەردانی دووەمیش، رۆژانی ٥-٦ـی شوباتی ٢٠٢٤ بۆ بەغدا و هەولێر لەلایەن یەشار گولەر وەزیری بەرگری و مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا لە سەردانەكەیان بۆ هەولێر، بەڵام ئامادە نەبوون شۆڕش ئیسماعیل وەكو وەزیری پێشمەرگە بناسێنن.
سەردانی سێهەمیش؛ سەرۆكی دەزگای (میت) بۆ بەغدا و هەولێر (ئیبراهیم كالین).
دۆسییەی تازەی توركیا، بە پلەی یەكەم لەسەر پارێزگاری كەركوكە، كە توركیا لە كەركوك بە پێچەوانەی ئێران، زۆرترین دۆست و هەژموونی هەیە.
واتا، (كورسی توركمانەكان، سوننەكان و پارتی دیموكرات…) دەتوانێت كاریگەری هەبێت لە دانانی پارێزگار، كە هێشتا لانیكەم لە سەردانەكانیان رازی نیین بە پارێزگارێكی كوردی یەكێتی، هەرچەندە حەشدی شەعبی بە كرداری حاكمی كەركوكن، بەڵام لە ئەنجوومەنى پارێزگا، هەژموونى تورکیا کاریگەرى زۆرى هەیە.
واتا، لە حاڵەتی رازیبوونی توركیا بۆ پارێزگارێكی یەكێتی پەیوەستەگی هەیە بە ملدانی یەكێتی بۆ مەرج و داواكانی ئەنكەرە، كە هێشتا روون نییە، بەڵام مەسجی (رێگایەك بدۆزینەوە بۆ گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی) كە مانگانە سەدوپێنج گەشتی نێوان (سلێمانی و توركیا) بەڕێوە دەچێت، وەزیری بەرگری وای وت، رەنگە ئاماژە بێت بۆ نزیكبوونەوەی ئەنكەرە و سلێمانی، بەڵام چۆن و كەی و بە چ شێوەیەك؟
خاڵی دووەم و سێهەم؛ پەیوەندی بە مامەڵەی راستەوخۆی نێوان بەغدا – ئەنكەرەوە هەیە، چ دۆسییەی هێڵی شەمەندەفەر و چ دۆسییەی ئاو، پڕۆژەی هێڵی ئاسنی كە كەنداو بە توركیاوە دەبەستێتەوە، پاش كۆبوونەوەی ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٣ لە بەغدا، جیالەوەی بڕی ١٧ ملیار دۆلار خەرجییەتی بەدرێژایی١٢٠٠ كم، هەرچەندە بۆ عێراق پڕۆژەیەكی ئابووری زۆر گرنگە، بەڵام ئێرانییەكان گومانیان لە پڕۆژەكە هەیە، كە ناوچە سونییەكان بەهێز دەكات لەڕووی ئابوورییەوە و لەڕووی ئەمنیشەوە جێگەی گومانە بۆیان. كە حكومەتی عێراقی پێویستی بە هەردووكیان هەیە، بۆ وڵاتەكەی و گەشەی ئابوورییەكەی.
ئەنكەرە هەردوو فایلەكەی خستووەتە بەردەم عێراق و ئامادەشە جێبەجێیان بكات، بەڵام بەمەرجی رێككەوتنی بەغدا، بە دەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، واتا دەركردنیان لە شەنگال و موسڵ، دژایەتی لە قەندیل. كە عێراقییەكان هێشتا نە بەڵێنی وایان داوە، رەنگە سەخت بێت ئەو كارە بكەن لەبەر ئێران.
بەڵام خاڵی گرنگ كە پەیوەستەگی هەیە بە هەولێر و بەغدا لەگەڵ ئەنكەرە، رێگەپێدانی عێراقە بە سەرلەنوێ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك و شوێنەكانی تر بۆ توركیا، كە بەغدا پێی خۆش بوو نەوت نەڕوات، بۆ شكستی ئابووری هەرێم، توركیاش پێی خۆشە رێگە نەدات بەهۆی ملنەدانی عێراق بە دژایەتی پارتی كرێكاران.
بەڵام ئێستا ئەنكەرە لەم سەردانەیدا لانی كەم داوا دەكات، لەڕێگای فرۆكەخانەكانی كەركوك و بەغدا رێگری لە هاتووچۆیان بكرێت و بەغدا لەناو پەیوەندی تاران-قەندیل بێلایەن بێت و بێتەدەر لە پردی پەیوەندی تاران، بەغدا و رۆژئاوا.
بۆ داهاتووش عێراق هەنگاوی كرداری بنێت دژی قەندیل، بەڵام دیسان سەختە عێراق بەڵێن بدات و بڕیار بدات.
سەرەڕای هەموو ئەو فایلانە، بەڵام توركیا بڕیاری داوە، سەرەتای بەهار چەند ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات بەمشێوەیە:
یەكەم:ئۆپەڕاسیۆنی بەهارە: توركیا بەنیازە لە بەهاری ئەمساڵدا سێ ئۆپەڕاسیۆنی زەبەلاح ئەنجامبدات:
1. پلانى ئۆپەڕاسیۆنی یەكەم، هێرشەکان لە خواكورك بۆ خنێرە بۆ قەندیل و دواتر ئاسۆس دەگرێتەوە، چ هێرشی زەمینی و چ هێرشی ئاسمانی و هەواڵگری.
2. پلانى ئۆپەڕاسیۆنی دووەم، لە شەنگالەوە بۆ گارا.
3. پلانى ئۆپەراسیۆنی سێهەم، بەردەوامى هێرشەکان بۆ سەر ناوچەى زاپ، ئامێدى، ئاڤەشین و برادۆست.
دووەم:پلان و ئەجێندایەكی تری توركیا، بریتییە لە دروستكردنی سێ بەنداو لە ناوچە جیاجیاكانی نێوان باشور و باكور بۆ ڕێگری هاتووچۆی گەریلا بەم شێوەیە:
1. دروستكردنی بەنداوێك لە ئاڤەشین.
2. دروستكردنی سێ بەنداو لەسەر زاپ و دروستكردنی سێ پردی پەڕینەوە بۆ دابڕینى ناوچەى هاتووچۆى گەریلا و چالاکییەکانى لە نێوان (چەلێ) لە باکور و (دێرەلووک) لە باشور، (گەڤەر) لە باکور و میرۆس (شیلادزێ) لە باشور، (شەمزینان) لە باکور و (ناوچەى شیروان و بارزان) لە باشور.
3. دروستكردنی بەنداوێك لە حاجی بەگ.
جگە لەو پلانانە:
وەفدەکەى تورکیا، خاڵى سێیەمیشیان باسکردوە، کە بریتیە لەوەى حکومەتى عێراقى رێککەوتنى شەنگالى سەردەمى کازمى نێوان بەغداد و هەولێر بۆ ئامادەبوونى بلاسخارت نوێنەرى پێشووى نەتەوە یەکگرتووەکانبخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بە چۆڵکردنى هێزى چەکدار و ناڕەسمى لە شەنگال، کە مەبەستیان دەرکردنى هێزەکانى (یەبەشە – یەکینەکانى پاراستنى شەنگال)ە و تەسلیم کردنیانە بە پارتى، بەڵام حکومەتى سودانى رازى نەبووە بەو مەرجە، چونکە گەر وابێت، دەبێت (حەشدى شەعبى)ش لەوێ دەربکەن، کە ئەوەش مەحاڵە.
خاڵى گرنگى جیا لەوانە، وەفدەکەى تورکیا لەگەڵ حکومەتى عێراق داوای کردووە، چۆن بەغداد و هەرێم لە ساڵى رابردوودا، رێککەوتنێکى ئەمنییان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد بۆ دەرکردنى هێزەکانى (کۆمەڵە، دیموکرات، پژاک، خەبات) لە ئۆردوگاکانیان و چەککردن و دروستکردنى کامپ و داماڵینى چەک لێیان لە بەرامبەر (پەکەکە)ش ڕێککەوتنى وا واژۆ بکرێت، هەموو بنكە و بارەگاكانیان دابخرێت.
بەڵام حکومەتى سودانى بە وەفدەکەى ڕاگەیاندوە، (پەکەکە) هێزێکى چەکدارە لە شاخەكانی سنوری توركیایە، نە ئۆردوگای هەیە و نە لە ناوچەکانى عێراق و کوردستان کامپی عەلەنی و ئاشكرایان هەیە.
خاڵێکى ترى گرنگ، تورکیا پێشنیارى کردوە، دەروازەیەکى نوێى بازرگانى لەگەڵ عێراق لە سێگۆشەى عێراق، تورکیا و سوریا لە ناوچەى (دەرێ خاپور) بکەنەوە، كە وەكو بەدیلی ئیبراهیم خەلیل بێتە سەرچاوەی داهات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێشنیار كراوە بۆ عێراق.
خاڵێکى ترى داواکردوە، ژوورى ئۆپراسیۆنى هاوبەشى بازرگانی و سەربازى (بەغداد و هەولێر) دروستبکرێت، لەهەمانکاتدا دەست بە ناردنە دەرەوەى نەوتى موسڵ و کەرکوکیش بکرێتەوە لە ڕێگاى هەرێمەوە، لەژێر چاودێرى حکومەتى عێراقدا، كە ڕۆژانە (٤٥٠) هەزار بەرمیل رەوانە دەكرا، بەڵام لە ٢٥ـی ئازاری ٢٠٢٣ـەوە بە بڕیاری دادگای پاریس ڕاگیراوە، لەم خاڵەشدا توركیا مەرجی ئەوەیە؛ هاوكاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری بدەنە توركیا لەشەڕەكانی داهاتوودا.
بەڵام باسى سەرەکى ئەوەیە، ئێران چى دەڵێت؟لە بارودۆخێكدا كە ئێران لە حاڵێكدایە پێویستی بە دۆستی زۆر و بچكۆلەش هەیە كە لە ناوچەكە دەكوڵێت، ئەوەش دیارە كە ئەمریكا، ئیسرائیل و توركیا لە بەرەیەكدان كە نەیاری ئێرانن.
هەموو ئەو سەردانە یەك لەدوایەكانەی توركیا، فۆكەسی سەرەكی و ئامانجی هەرە گرنگ پەیوەندی هەیە بە پارتی كرێكارانەوە.
ئەنكەرە پێنج ساڵە هەموو هێزی خۆی لە شەڕی قەندیل لە هەرێمەكانی مەدیا، قەندیل، گارا، ئاڤەشین، زاپ و چیای مەتینا و ناوچەكانی تر دژی پارتی كرێكارانی كوردستان تاقی كردەوە و سەدان سەربازی تورك كوژران و شكستی خوارد، هەرچەندە توركیا لە ساڵی (٢٠١٨ تا ناوەڕاستی ٢٠٢٣)، (٦٠٥٨) هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، لە پاڵ ئەوەشدا (٣٠) و (٣٠٠٠) سەربازی بە قوڵایی سەد كیلۆمەتر لە خاكی كوردستان و عێراقدا بڵاوكردوەتەوە، بەڵام بە قسەی ئەفسەرە پایەبڵندە خانەنشین كراوەكانی توركیاش بێت ئۆپەڕاسیۆنەكان دژی پەكەكە سەركەوتوو نەبوون.
لە ئاستی سەربازی و مەیدانی شەڕدا، توركیا لەشەڕی گەریلایی و (پڕۆژەی تونێلەكانی قەندیل) كە (٧٦٠) تونێلی یەكجار قایم و سەخت و كاریگەری بە بری (٧٦٠) ملیۆن دۆلار لەناو چیا سەختەكان لێداوە، كە لە مێژووی شەڕی پارتیزانیدا وێنەی نییە و هاوسەنگی شەڕەكەی بە قازانجی گەریلا گۆڕیوە و ئەنكەرە تووشی شۆك و سەرسوڕمان بوە لە (شەڕی تونێلەكانی قەندیل) هەربۆیە پار ساڵ (٢٠٢٣) لە یەكێك لە شەڕی تونێلەكان ناچار چەكی كیمیاوی بەكارهێنا.
لە پلانی تازەی توركیاشدا لە (٢٠١٩-٢٠٢٤) ئۆپەراسیۆنە زەبەلاحەكانی (چنگی پڵنگ، چنگی هەڵۆ و چنگى قفڵ) بە بەشداری دەیان هەزار سەرباز و شەڕی درۆنەكان و (ئێف-١٦) لە قەندیل شكستی خوارد.
واتا ئەنكەرە لە شەڕی هەواڵگری و شەڕی درۆنەكان و شەڕی زەمنی و تونێلەكانی قەندیل پاشەكشەی گەورەی كرد، بۆیە بەناوی هێناوەتە بەر لایەنی دیبلۆماسی و پەنجەی هاوكاریكردن بۆ (تاران، بەغدا و سلێمانی) ڕادەكێشێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *