جۆینی تیلیگرام بن

هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر یەکێتیی و سلێمانی توندتر دەبن

هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر یەکێتیی و سلێمانی توندتر دەبن

٧ڕۆژ – تایبەت

تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە یەکێتی و سلێمانی کردەوە و لەسەر زاری باڵاترین دەسەڵاتداری وڵاتەکەوە وتی دەرگای لێبوردنیان بەسەردا دادەخەین.

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لێدوانێکی توند و هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی سلێمانی و یەکێتی کرد و وتی با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز لە ئێمە نەکات چونکە کاردانەوەی پێویستمان دەبێت.

ئەم لێدوانەی ئەردۆگان تەنیا دوای هەفتەیەک لە سەردانی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بۆ هەولێر دێت کە تێیدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوویەوە.

هەر ئەو کات بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان ئاشکرا کرد، وەزیری بەرگری تورکیا بە ئامانجی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ئەنجامدانی هیرشی زەمینی بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە قەندیل لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی کۆبووەتەوە.

لێدوانە توندەکانی ئەردۆگان و بەرپرسانی دیکەی تورکیا لەسەر سلێمانی ئاماژەن بۆ رازی نەبوونی یەکێتی بە بەشداری راستەوخۆی لە شەڕی گەریلاکانی پەکەکە.

ئەردۆگان هەروەها رایگەیاند، ئەگەر ئامانج لەو هەنگاوانەی یەکێتی دووژمنداری بێت، کاردانەوە و رێکاری پێویستیان دەبێت، هەروەها سڵناکەنەوە لە هەنگاوی تووندتر.

سەرۆکی تورکیا لە چەند رۆژی رابردودا لە دوبەی چاوی بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کەوت، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ئەردۆگان وتی پرسی سلێمانییان باس کردووە.

لە دوو رۆژی رابردووش ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد لەناو سلێمانی نەخۆشخانە و باڵەخانەی تایبەت هەن کە لەلایەن پەکەکەوە بەکاردەهێنرێن.

پیشتر ٧رۆژ بڵاویکردەوە لە دوای بۆردوومانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە تورکیا هەڕەشەکانی بۆ سەر سلێمانی زیادکردوون و پێشبینی ئەنجامدانی هیرشی گەورەی ئاسمانی بۆ سەر سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەکریت.

بەناو هێنانی بوونی باڵەخانەی پەکەکە لە ناو سلێمانی بۆنی ئەوەی لێدەکرێت تورکیا نیازی هەبێت ناوجەرگەی سلێمانی بۆردوومان بکات.

چونکە هێرشە ئاسمانییەکانی رابردووی ئەو ولاتە بەردەوام بازنەکەیان رۆژ دوای رۆژ تەسکتر کردووەتەوە کە دوایین جار هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی لە فڕۆکەخانەی عەربەت کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ پیشمەرگە کوژران و سیانی دیکەش برینداربوون.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو