ئەبووبەکر عەلی
لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا دۆسیەی کوێخا دێرین ناوێك، کە تۆمەتبارە بە سەرانەسەندن و پەلاماردانی خەڵک و دەستگرتن بە سەر زەوی و زاری گشتیدا، جارێک تر پرسی یەکێک لە جەوهەرترین کێشەکانی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هێنایەوە کایەوە، کە ئەویش دەوڵەمەند بوونی ناڕەواو ساختە و ئەوپەڕی سوودی خراپ وەرگرتنە لە ناوی وەزیفی و پێگەی سیاسی و سەربازی، بۆ بەرژەوەندی گروپی و بنەماڵەیی و تاکەکەسی. کە بە دیوی ناوەوەدا جەماوەرێکی زۆری نائومێد کردووەو بە دیوی دەرەوەشدا، ناوبانگی هەرێمی کوردستانی لە زۆر کۆڕ و ناوەندی جیهانی و ناوچەییدا لەکەدار کردووە.
چەند ساڵێک لەمەوپێش لە هەفتەنامەی ئاوێنە و وتارێکی یەکلاپەڕەیی دوور و درێژم نووسی بە ناونیشانی (لە گەندەڵییەوە بۆ تاڵانی.. سەبارەت بە داڕووخانی ئەخلاقی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا) مەبەستم لە وتارەکە ئاماژەکردن بوو بەوەی لە هەندێ ڕووەوە گەندەڵی چیتر توانای دەربڕینی واقیعی دەستدرێژیکردنە سەر ماڵی گشتی و دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا و ساختەی لە هەرێمی کوردستاندا نەماوە و گەیشتووەتە دۆخی تاڵان! واتە کابرای دەوڵەمەندی ساختە و موفتەخۆر و خاوەن پێگەو هێز بە گوندەیی و بە نوێژی نیوەڕۆ لەڕێی پەنابردنە بەر هێز و هەڕەشە پێکردنیەوە، دەست بە سەر موڵک و ماڵی گشتیدا دەگرێت و سەرانە دەستێنێت و موڵك و ماڵێکی زۆری موفتە پێکەوە دەنێت!
سەبارەت بە دۆسێی کوێخا دێرین، بەشێك لە خەڵک، لە نائومێدی دوور و درێژی خۆیان و کەمتەرخەمی و بێباکی و چاولێپۆشینی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لەم جۆرە کەیسانە، کە ئەگەر هەزاران نەبن بەدڵنییاوە سەدانن، لەسەرتاسەری هەرێمدا بەهەندێ جیاوازییەوە، دەست خۆشی لە هەنگاوێکی لەو جۆرە دەکەن، کە دژ بە یەکێک لە تۆمەتبارەکان نراوە، بەدەر لە وردەکاری ڕووی یاسایەکەی. بەڵام، کەمیش نەبوون ئەو هاوڵاتییانەی لە هوشیاری و دڵسۆزی خۆیانەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەنگاوێکی لەو جۆرە کاتێک گرنگی ڕاستەقینەی خۆی پەیدادەکات، بەشێک بێت لە سیاسەت و ستراتیژێکی نوێی حیزبی و نیشتیمانی گشتی، بۆ ئەوەی کەس لەم ڕووەوە پارێزبەندی نەبێت و نەخرێتە سەرو یاساو لێپرسینەوەوە. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو کەس و کەیسە هاوشێوانە بە یەکسانی و بێ جیاوازی. دەنا هەنگاوێک بە تەنیا دۆخەکەی پێ ڕاست ناکرێتەوە و ڕزگار ناکرێت، ڕێگای ئەوەش بۆ یەکێ خەم و بڕیاری لەو جۆرەی هەبێت، ڕوونە. کۆتایی هێنانە بە حوکمی میرنشینی حیزبی بە ناوی زۆ نی زەرد و سەوز و تێکدانی ئەو بازگانەی ڕەمزی دابەشکردنی هەرێمن لە شەڕی ناوخۆدا و ئێستاش ماون بە شۆفڵ. کە مرۆڤی نیشتمانپەروەر بە کاتی پێیاندا تێپەڕدە هەست بە شەرم و حە سرەتێکی قووڵ دەکات.
لە ڕوویەکی ترەوە، ڕەگە قووڵەکانی دەوڵەمەندبوونی ناڕەواو سەرانەسەندن و یاساشکێنی وا لە بوونی هێز و چەکی حیزبیو گروپی و تاکەکەسی و ناسەربەخۆیی و بێلایەنی دادگا و ناکارابوون و نیمچە لەکارکەوتنی ڕۆڵی دواکاری، گشتی پەرلەمان، دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی هەرێم و سەرجەم دەزگا چاودێرییەکانی تر، هەروەها فەرامۆشکردن و گوێنەدان بە سەدان ڕاپۆرت و زانیاری و ڕاستی ئاشکرا کراو لە لایەن چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و هەندێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمانتار و چالاکوانی سیاسی و مەدەنییەوە. لەم ڕووەشەوە کۆتایی بە فەوزای چەک و قەتیسدانی تەنهاو تەنها لەدەستی حکومەتدا بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە یەکێ لە وەزیفەکانی چەکی نادیسپلینکراو و حیزبی شەخسی و بنەماڵەیی، لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، بمانەوێو نەماوێ، پارێزگاریکردنە لە گەندەڵی و یاساشکێنی کەسە خاوەن بەرژوەندی و دەستڕۆیشتووەکان، هەر ئەمەش هۆکارێکی قورسبوونی بەنیشتیمانیکردنی ئەم هێزانەو پەکخستنی پرۆسەی نیشتمان و گەلسازیی و یاسا سەروەری٦. بەخۆڕایی نییە لە هەرێمیشدا لەسۆنگەی ململانێ و ناکۆکی و زۆنی حیزبی و نەبوونی سەروەری یاساوە، سەدان تاوانبار لەکاتێکدا دادگا تاوانباری کردوون داڵدەدراون، دەزگای جێبەجێکارەکانیش لەبەر لاوازی و هەژموونی حیزب و کەسە دەستڕۆیشتووەکان بەسەریانەوە، ناتوانن هیچیان بەرامبەر بکەن!
بەکورتی، ڕەگ و ڕێشە قوڵەکانی ئەم دۆخە وا لە ناکۆکی و دابەشبوون و نەبوونی حوکمی دامەزراوەیدا. ئەو سەرکردەو بەرپرسەی نیاز و ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی بۆ چاکسازی هەیە، بەوە دەناسرێتەوە بە پەرۆشەوە دەچێت بەدەم بانگەوازی هاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکان، کۆتایهێنانی بەدابەشبوونی کوردستان و بەدەستووریکردنی ژیانی سیاسی و دەسەڵاتگێرانەوە بۆ دەسەڵاتی داوەری و دەستپێشخەری بۆ داواکاری گشتی و دادگا، نەك لەم جۆرە کەیسانەدا پاشکۆی بەرپرسی حیزبیی بێت، لەسەر ئاستی حیزبیش چاوپۆشین لە گەندەڵی و تاڵانی و دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا، یەکسانە بە گەندەڵبوونی ژیانی حیزبیی و ونکردنی پەیام و گۆڕانی بۆ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی نایاسایی لە بەرگی حیزبدا.
هەربۆیە، هەر سەرۆك حیزبێك، ڕێ و شوێنێکی جدیی و هەمەلایەنە لەم ئاستەدا بگرێتە پێش، خزمەت بەخۆی و حیزبەکەی و وڵاتەکەشی دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *