٧ڕۆژ- تایبەت
گرووپە میلیشیاکانی ئێران، عێراق بەرەو کوێ دەبەن؟
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بنکە سەربازی و پێگە دیپلۆماسییەکانی هاوپەیمانان.
سهرچاوهیهكی باڵا له ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، لەدوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، محهممهد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە هێرشی گرووپە چەکدارەکان ڕابگیرێن، ئەگەر وانەکرێت دەست لە کار دەکێشێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان سودانی وتوویەتی “هێرشی گرووپەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و بۆردوومانی ئەمریکاش بۆ سەر بنکەی گرووپەکان لە خاکی عێراق تووشی ئیحراجیی کردووم و ناتوانین دانوستاندن بکەین”.
محەمەد شیاع سودانی جەختی لەوەکردووەتەوە بەهۆی هێرشی ئەو گرووپانەوە کابینەکەی رووبەڕووی ئیحراجییەکی گەورە بووەتەوە و مەترسی جددیش لەسەر عێراق دروستبووە.
ئەمە یەکەمجار نیە سودانی فشارەکانی بۆ سەر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی رابگرن.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەو گرووپە میلیشیایانە پێکهاتوون کە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە فەرمان وەردەگرن و بەرژەوەندییەکانی تاران لە عێراق دەپارێزن.
یەکێک لەو مەترسییە گەورانەی ئەو گرووپە میلیشیایانە بۆ سەر عێراق دروستیان کردووە بردنە دەرەوەی قەبارەیەکی گەورەی دۆلارە لە رێگەی بانک و رێگەکانی قاچاخەوە.
لە نوێترین هەنگاودا بانکی ناوەندی عێراق لە ژێر فشاری ئەمریکییەکان هەشت بانکی دیکەی سزادا بەوەی چیتر دۆلاریان پێ نافرۆشێت.
بەشێکی بەرچاوی ئەو بانکانە لە بەرژەوەندی گرووپە میلیشیاکانی ئێران کار دەکەن و دۆلار بە رێگەی جیاواز دەگەیننە دەست ئێرانییەکان.
هەرچەندە میلیشیاکان لە ترسی کاردانەوەکانی ئەمریکا بەرانبەریان کۆتایی مانگی رابردوو هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکانیان لەدژی هێزەکانی ئەمریکا راگەیاند بەڵام پێناچێت ئەو هەڵپەساردنە درێژە بکێشێت چونکە لەسەر داوای ئێرانییەکان بووە.
کابینەکەی سوانی دوای چەند کابینەیەکی هەڵوەشاوەی حکوومەتی عێراق هاتوەتە ئاراوە، بۆیە بە بڕوای شارەزایان ئەگەر گرووپە میلیشیا ئێرانییەکان بەردەوام بن لەسەر ختوکەدانی ئەمریکییەکان لەناو خاکی عێراق ئەوە نەک هەر خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بەڵکو حکوومەتی عێراقیش دەخەنە بەردەم هەڵوەشاندنەوەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *