سوپای ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانیەوە هێرشێکی فراوانی ئاسمانیی کردە سەر بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی ئێران لە عێراق و سوریا بەڵام پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا هێرشەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان جێ نەهێشت.
بەپێی ئامارێکی حەشدی شەعبی لە هێرشەکاندا ١٦ چەکدار کوژراون و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون.
هەفتەی رابردوو ٧رۆژ نوسراوێکی فەرماندەیی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە کە تێیدا فەرمان بە چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان لە سنووری نێوان عێراق و سوریا کردبوو و تەواوی چەکە قورسەکانیشان گواستەوە.
لە نوسراوەکەدا ئەوە هاتبوو کە تەنیا چەند چەکدارێک بۆ پاسەوانی کردنی بارەگاکان دەهێڵنەوە.
هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا ئەو بارەگایەنەی گرووپە میلیشیاکانی کردە ئامانج کە پێشتر فەرمانی چۆڵکردنیان درابوو ئەوەش گومانی رێککەوتنێکی پێشوەختە لەبارەی ئەو بۆردوومانانەوە دەهێنێتە ئاراوە.
جیا لەوە لە رۆژانی رابردوودا ئێران زۆرینەی سەرکردە باڵا سەربازییەکانی لە سوریا کشاندەوە ئەوەش وەک مەترسی لە بەرانبەر کاردانەوەکانی ئەمریکا لێک درایەوە.
هەرچەندە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاندووە هێرشەکان بەردەوامییان دەبێت و کۆتاییان پێ نەهاتووە.
ئەم بۆردوومانە لە دوای هێرشێکی هەفتەی رابردوو هات کە بنکەیەی چاودێری سەربازیی ئەمریکای لە سنووری ئوردون و سوریا کردە ئامانج و تێیدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و نزیکە ٤٠ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کاردانەوەکانی ناوخۆی ئەمریکا لەسەر کوژرانی سەربازەکانیان زۆر توند بوون و داوای هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران و سەرکردەکانی ئەو وڵاتە کرا.
بەپێی چەند میدیایەکی نێودەوڵەتی، ئێران پێشتر ئەمریکای دڵنیا کردووەتە کە پەیوەندی بە هێرشەکەی سەر سەربازگەیان لە ئوردون نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای کردووە وەڵامەکەی ئەمریکا لە دەرەوی سنوورەکانی بێت.
هێشتا دیار نیە ئامانجی داهاتووی بۆردوومانەکانی ئەمریکا کوێ دەبێت بەڵام هەرچی بێت ئەمریکا خوازیاری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران و گرووپە میلیشیاکانی نیە و تەنیا بۆ دامرکاندنەوەی فشارە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی چەند هەنگاوێک دەگرێتە بەر.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *