٧ڕۆژ – تایبەت
بۆچی کاکە حەمە بە هێزێکی چەکدارەوە هەڵی کوتایە سەر کۆبوونەوەی لایەنگرای براکە؟
ماوەی چەند رۆژێکە کێشە و ململانێ لە نێوان محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی حیزبی سۆسیالیست و عەبدوڵڵا حاجی مەحمودی برای دروستبووە و بەپێی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ کێشەکە لە سەر پارەی پرۆژەیەکی نیشتەجێ بوونە کە بڕیار بووە لەسەر زەوی یانەکەیان لە سلێمانی بنیات بنرێت.
سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لەناو رووداوەکان بە ٧رۆژی راگەیاند پێش ماوەیەک کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی خانوبەرە پێشنیازی کردووە زەوی یاریگای یانەی بەختیاری کە دەکەوێتە گەڕەکی چوارچرای شارەکە بکاتە پڕۆژەیەکی نیشتەجێ بوون و لەبەرانبەردا بڕی ملیۆنێک و دوو سەدا هەزار دۆلار وەک پشک بداتە محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی حیزبەکە.
بەپێی زانیارییەکانی ٧رۆژ یانەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی باڵی عەبدوڵلای برای کاکەحەمەدایە و ئەویش رەتیکردوەتە زەوی یانەکە رادەست بکات بۆیە لە رێگەی محەمەد سەرۆکی یانەکە پڕۆژەکە رادەگرێت ئەوەش دەبێتە سەرەتای قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی ئەو دوو برایە.
سەرچاوەکە بە ٧رۆژی وت، محەمەدی حاجی مەحمود داوای لە رەفعەت محەمەد سەرۆکی یانەکە و شاڵاو عومەر عەبدوڵلا کارگێڕيی یانەکە کردووە نوسراوەکە واژۆ بکەن بەڵام داواکارییەکەیان رەتکردووەتەو، .بۆیە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان لەلایەن کاکە حەمەوە هەردووکیان کراونەتە دەرەوە.
کاکە حەمە هەر بەوە نەوەستاوە بەڵکو بڕیاری دوورخستنەوەی هەردوو ئەندام مەکتەب سیاسییەکەی لە حیزب داوە و لە پۆستی سەرۆک و کارگێڕی یانەکەش دووری خستونەتەوە.
دواتر بە بڕیارێک رێبینی کوڕی کردووەتە سەرۆکی یانەکە تا پڕۆژەی نیشتەجێ بوونەکە جێبەجێ بکرێت بەڵام هەر زوو عەبدوڵلای برای بە رێکخستنی هەڵبژاردنێک رێگری لەو بڕیارە دەکات.
بۆیە ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە هۆڵێکی نزیك بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی باڵی عەبدوڵلا حاجی مەحمود هەڵبژاردنی ناو یانەکە بەڕێوەدەبەن بۆ ئەوەی کەسێک بەناوی عەبدوڕەحمان عەبدوڵلا بەهەڵبژاردن بکەنە سەرۆکی نوێی یانەکە ئەوەش کاکە حەمەد نیگەران دەکات و بە هێزێکەوە دەچێتە سەریان.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بۆ ٧رۆژ نێردراون کاکە حەمە بە هێزێکی زۆرەوە دەردەکەوێت و لەگەڵ گەیشتنی هێزەکە دەست بە تەقە دەکەن.
٧رۆژ ئەوەی زانیوە کاکە حەمە لەگەڵ گەیشتنی بە شوێنی کۆبوونەوەی لایەنگرانی عەبدوڵلای برای بە دەستی خۆی زللـەی لە ئەندامێکی سەرکردایەتی و ئەفسەرێکی سەربازیی سەر بە باڵی براکەی داوە لەگەڵ ئەوەشدا چەند پاسەوانێکی براکەی چەک کراون.
٧رۆژ قسەی لەگەڵ رەفعەت محەمەد سەرۆکی یانەی بەختیاری کرد بەڵام بە “نیگەرانیەوە” رەتیکردەوە لەسەر ئەو پرسە قسەبکات.
سەرچاوەکەی ٧رۆژ جەختی لەوەکردەوە کە پێشتر عەبدوڵا حاجی مەحمود داوای لە کاکە حەمەی برای کردووە لەو ملیۆن و دوو سەد هەزار دۆلارە، ٨٠٠ هەزار دۆلاری بکرێتە داهاتی حیزب بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *