لاهور شێخ جەنگی دوای دوو ساڵ لە دوور خستنەوەی لە ناو یەکێتی حیزبێکی نوێی راگەیاند و ناوی بەرەی گەلی لێنا، بڕیارە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەشداری بکات.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی بە ٧رۆژی راگەیاند ئامادەکارییەکانی دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی لە ژێر ناوی بەرەی گەل تەواو بوون و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداری دەکات.
یەکەمجار لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڵاویکردەوە ئاشكرای کرد کە بە لیستێک بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
هەرچەندە پێشتر لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندبوو بڕوای بە خەباتی پەرلەمانی نەماوە و لە رێگەی پەرلەمانەوە گۆڕانکاری ناکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ٧رۆژ، ئەنجوومەنی وەزیران و بە دیاریکراوی مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی قەوارەکەی لاهور شێخ جەنگی نیشانداوە.
پێشتر لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی پەیوەندی تەلەفوونیان لەکاتی کوژرانی هاوکار جاف ئەفسەری هەواڵگری یەکێتی و کەسایەتی سەر بە لالەزار ئەنجامدابوو.
جیا لەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە دیداری دوو قۆڵیان ئەنجام دابێت بەوەش نزیککەوتنەوەی بەرچاو لە نێوانیان هەبووە.
٧رۆژ ئەوەی زانیوە، بەمزوانە لاهور شێخ جەنگی دەست بە جوڵە سیاسییەکانی دەکاتەوە و ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەسەر دەکاتەوە، لە جوڵەکانی ئەمجارەیدا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بە دیاریکراوی هەولێر و دهۆک و ناوچەی بادینان بەسەر دەکاتەوە.
هەرچی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییە نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە بەشداری لاهور جەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەشاردۆتەوە چونکە مەترسی ئەوەی هەیە دەنگێکی بەرچاوی دەنگدەرانی یەکێتی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان مسۆگەر بکات.
٧رۆژ ئەوەی زانیوە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهۆی زانیاری پێشوەختەوە لەبارەی پەیامێکی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی دەنگدەرانی کەرکووک، بافڵ تاڵەبانی چووە بەردەم لالەزار و ناڕاستەوخۆ پەیامی توندی خۆی بە لاهور جەنگی گەیاند.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنێکی چارەنوس ساز دەبێت بۆ لاهور شێخ جەنگی ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا شکست بهێنێت ئەوا بۆ هەمیشە خۆری سیاسی ئاوا دەبێت و جارێکی دیکە ناتوانێت لەناو ساحەی سیاسی هەرێمدا خۆی ببینێتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *