٧ڕۆژ – تایبەت
سەرتاشینی ژمارەیەک کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن پاسەوانی سنووری هەرێمەوە کاردانەوەی دروستکردووە و لە بەغداوە لیژنەی تایبەتی لەسەر گیراوە.
لەدوو رۆژی رابردوو دیمەنی سەرتاشینی ژمارەیەک کۆڵبەری ئێرانی لە سنوورەکانی ناوچەی هەورامان لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە بڵاوبوویەوە.
هەر زوو دیمەنەکە کاردانەوەی فراوانی دروستکرد و چالاکوانانی مافی مرۆڤی هێنایە سەر خەت.
بەپێی ئەە زانیاریانەی دەست ٧رۆژ کەوتوون وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر ئەو پرسە هاتووەتە سەر خەت و ژمارەیەکی دیاری فەرماندەی پاسەوانی سنووری هەرێم بانگهێشتی بەغدا کراون بۆ لێپرسینەوە.
سەرچاوەیەک لەناو پاسەوانی سنووری ناوچەکە بە ٧ڕۆژی راگەیاند، ئەمڕۆ سەرجەم فەرماندەکانیان بانگهێشتی بەغدا کراون پێشبینی دەکەن لێپێچینەوەی توندیان بەرانبەر ئەنجام بدرێت.
ئەم رووداوە کاردانەوەی توندی لای چالاکوانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرشی توند دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات چالاکوانانی هەورامان لە قەزای خورماڵ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو هەنگاوەی پاسەوانی سنووریان ئەنجامدا و تێیدا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی بکەن.
لە نوێترین پێشهاتدا کۆڵبەرێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە کۆڵبەرەکە بە تەقەی پاسەوانی سنووریی هەرێم کوژراوە.
بەشێکی زۆری گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێ کارییەوە بژێوی ژیانیان لە رێگەی کۆڵبەرییەوە پەیدا دەکەن بەڵام سالانە ژمارەیەکی بەرچاویان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەکرێن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *