٧ڕۆژ – تایبەت
لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی ئاماژەکان بەو ئاڕاستەن تورکیا نیازی ئەوەی هەبێت پەلاماری سلێمانی و یەکێتی بداتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا راستەوخۆ هەڕەشەی لە بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کردەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوا هەنگاوی نوێ دژی سلێمانی دەگرنە بەر.
ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاوکات بوو لەگەڵ بۆردوومانی شاری هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
هاوکات لە دوای ئەم لێدوانەی فیدان، میدیای تورکیا هەڵمەتێکی دژی یەکێتی نیشتیمانی دەست پێ کردووە و وەک هێزێکی پشتیوانی لە تیرۆر نیشانی دەدەن.
کەناڵی CNN تورک هەڵمەتێکی ڕێکخراوی لەگەڵ میدیاکانی ئەو وڵاتە ڕێکخستووە دژی یەکێتی و وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن بە پشتیوانی تیرۆرستان دەیناسێنێت .
پێدەچێت ئەمە زەمینە خۆشکردن بێت بۆ ئامادەکردنی رای گشتی تورکیا بۆ قبووڵکردنی کردەوەی سەربازیی یەکێتی و زۆنی سلێمانی.
دوای لێدوانەکانی هاکان فیدان، میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە کە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی دژە تیرۆر کۆبووەتەوە و پرسە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کردووە، دیار نیە هەڕەشەکانی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا باس کرابێت یان نا.
هاوکات ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران پەیوەندییەکی تەلەفوونییان ئەنجام داوە و تێیدا پرسی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارە نەیارەکانیان لە هەر وڵاتێکی ناوچەکە تاوتوێ کردووە.
درۆنەکانی تورکیا کۆتایی ساڵی رابردوو لە بۆردوومانێکی بێ پێشینەدا هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتییان لە فڕۆکەخانەی عەربەت بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی دژە تیرۆر کوژران و سیانی دیکەش بریندار بوون.
تورکیا سنووری هەولێر و ئێرانیش سلێمانی و هەڵەبجە وەک قەڵەمڕەوی خۆیان تەماشا دەکەن و هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە پەیامێک دژی دەسەڵاتەکانی تورکیا دەخوێنرێتەوە.
بۆیە بە لێکدانەوەی ئەو پێشهاتانە پێشبینی دەکرێت تورکیا گورزێکی ئاسمانی لە رێگەی درۆنەکانیەوە لە سنووری سلێمانی بوەشێنێت.
کۆتایی ساڵی ڕابردووش گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە نوێ کردەوە و رێگە بە هیچ فڕۆکەیەکی فڕۆکەخانەکە نادات بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕ بێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *