٧ڕۆژ – تایبەت
لە چەند ڕۆژی رابردوودا گەنجێکی کوردی تیکتۆکچی لە لایڤێکدا سەدان هەزار دۆلاری بردەوە و ئەوەش جارێکی دیکە پرسی مەترسییەکانی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییەی لەسەر گەنجان هێنایەوە بەرباس.
بەپێی لێدوانی ئەو کەسانەی لە بازاڕی رەشدا مامەڵە بە پۆینتی تیکتۆکەوە دەکەن باس لەوەدەکرێت سەدان کەس بەهۆی تیکتۆکەوە ماڵ و حاڵیان لێ تێکچووە و مایەپووچ بوون.
پۆینتی تیکتۆک چیە و چۆن بووەتە باڵا بەسەر خێزانەکانەوە؟
تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک بەهۆی گەشەسەندنە خێراکەیەوە بووەتە مەترسی جددی لەسەر کۆمەڵگاکان، بە تایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا پابەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان تیایاندا کاریگەرە و مەترسی جددی لەسەر دروستکردوون.
تا ئێستا چەندین جار لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستی جیاوازدا هەوڵی راگرتنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دراوە بەڵام بێ سود بووە.
ئێستا بەشێکی زۆری گەنجان و هاووڵاتیان دەستیان داوەتە کڕینی پۆینت و بەخشینی بەو کەسانەی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە خەریکی خۆ نمایشکردنن.
لە چەند ڕۆژی رابردوو یەکێک لەو تیکتۆکچیانە بە ختوکەدانی هەستی نیشتیمانی پەروەری خەڵک بڕی ٣١٠ هەزار دۆلاری هاووڵاتیانی کشاندەوە بێ ئەوەی تاکە دۆلارێک سود بەو کەسانە بگات کە بەشدارییان لەگەڵدا کردووە.
ئەم پارە کێشانەوەیە لە رێگەی کڕینی پۆینتەوە دەبێت، هەر هەزار پۆینتێک لە کوردستان بە ١٥ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدکرێت.
بەشداربووانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لەکاتی پەخشە راستەوخۆکاندا دەتوانن پۆینتەکان بۆ ئەو کەسانە رەوانە بکەن کە ویستیان لەسەرە و تاکە دەستکەوتێکیش بە دەستیان دەگات ناو هێنانیانە لەکاتی پەخشی راستەوخۆکەدا.
لە ساڵانی رابردوو لە کاتی شایی و ئاهەنگەکاندا کاتێکد گۆرانیبێژێکی میلی گۆرانی بەسەر باڵی کەسێکدا هەڵدەدا ئەویش لە بەرانبەردا چەند دینارێکی وەک شاباش پێشکەش دەکرد ئێستا هەمان مۆدێل لە تیکتۆک پەرەی پێدراوە.
بە وتەی ئەو کەسانەی لە کڕین و فرۆشتنی پۆینتدا بەشدارن، باس لەوەدەکەن هەر کەس دەست بکات بە بەخشینەوەی پۆینت هاوشێوەی ماددە هۆشبەرەکان پێوەی ئالودە دەبێت و تەواوی ژیان و گوزەرانی لەسەر دادەنێت بێ ئەوەی تاکە دۆلارێک سودی پێ بگەیەنێت.
بە بڕوای کۆمەڵناسان پەرەسەندنی ئەم دۆخە نامۆیانە هۆکاری سەرەکی بێ کاریی و نەبوونی هیچ هۆیەکی ژیانی شایستەیە وایکردووە خەڵک بەو دۆخە نامۆیانەوە کاتەکانی بەسەردەبات.
ئەگەرنا کام عەقڵی سەلیم بڕە پارەیەک لە دەم ماڵ و منداڵی دەگرێتەوە وبێ هۆکار لە لایڤێکی بێ واتادا دەیبەخشێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *