بۆچی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران مەترسی فەوتانی خوێندنی ٧٠٠ هەزار خوێندکار باس نەکرا؟
٧ڕۆژ – تایبەت
بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لە سنوری پارێزگاکنی سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامە و ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمیش بە وشەیەک باسی مەترسییەکانی فەوتانی خوێندنی ئەمساڵی زیاتر لە ٧٠٠ هەزار خوێندکار نەکرد.
سەرەڕای ئەوەی ئومێد دەکرا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن بایکۆتی مامۆستایان کۆتایی پێ بهێنرێت بەڵام نەک هەر بایکۆت نەشکێنرا بەڵکو خۆپیشاندانەکان دەستیان پێ کردووەتەوە و مامۆستایان جەخت لەوە دەکەنەوە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە دەست ٧رۆژ کەوتوون بڕیار وابووە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم داواکارییەکانی مامۆستایانی ناڕازی بکرێنە بڕیار و بەوەش کۆتایی بە بایکۆتی مامۆستایان بهێنرێت بەڵام پێش کۆبوونەوەکە بە نوسراوێکی وەزارەتی پەروەردە وەڵامی مامۆستایان درایەوە.
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێم مامۆستایانی ئەوەندەی دیکە توڕە کرد و سورن لەسەر ئەوەی تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت بایکۆت ناشکێنن ئەگەرچی خوێندنی ئەمساڵیش فەوتابێت.
سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار بە ٧رۆژی وت، پرسەکە رێڕەوێکی مەترسیداری وەرگرتووە و تێکەڵ بە ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی کراوە بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تەنانەت بە وشەیەکیش باسی بایکۆت و پرۆسەی خوێندن نەکرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەر شانیەتی شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابین بکات بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج تا ئێستا لە هیچ کام لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو پرسە تاوتوێ نەکراوە و بڕیاری لەبارەوە نەدراوە.
سەرچاوە باڵاکەی ٧رۆژ جەختی لەوەکردەوە خواستێکی بەهێزی سیاسی هەیە تا خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بفەوتێت.. بۆ ئەوەی بکرێتە کارتێکی سیاسی و لە هەڵبژاردنەکاندا یەکتری پێ تۆمەتبار بکەن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی حکوومەت باسی لەوەش کرد دەکرا لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی مامۆستایان بدرایە و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بخرایەتە بواری جێبەجێ کردنەوە .. بەڵام لە بنەڕەتدا پێنج مانگی دیکەی دەویست بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێ کردنی بکرێت چونکە حکوومەت هێشتا مووچەی مانگی ١٠ی ٢٠٢٣ی دابەش نەکردووە.
بۆیە ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان لە سنووری هەردوو پارێزگاکە دەفەوتێت بەرپرسیاریتی ئەو دۆخەش وەک شارەزیان دەڵێن لە ئەستۆی هەر سێ هێزە سیاسییە پێکهێنەرەکەی کابینەی نۆیەمە کە ئەوانیش پارتی و یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕانن
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *