عەبدولڕحمان ئەبوبەکر
ژیانی خەڵکی کوردستان وەک ئەوە وایە لەنێو دارستانێکی چڕبێت و پڕبێت لەدڕندە و شێرو پڵنگ،هەمیشە ترسی ئەوەت هەیە پەلاماربدرێیت و بخورێیت.
ئێستا ژیان ئاوا قورس و پڕ مەترسیە بۆ خەڵکی داماو و ڕەش و ڕووت، تەمەنی حکومڕانی پارتی و یەکێتی 33 ساڵە، کارەبا هێشتا لە شەش کاتژمێر کەمترە، خەڵک لەبەیانیەوە لەخەو هەڵدەستێت خەمی پارەی موەلیدە، خەمی نەوت، خەمی غاز و هەزاران خەمی دیکە … لە هەموی گرانتر و قورستر، ئەو هەموو ژەهرەیە لەناو بازاڕەکان و مارکێتەکاندا بەخەڵک دەفرۆشرێت، هەزاران هەزار تەن خواردنی بەسەرچوو لە کوردستانەو بەسەر خەڵکدا ساغ دەکرێتەوە.
33 ساڵ تەمەنت بێت پرۆژەیەکی ئەوتۆی ستراتیژیت نەبێت جگە لەو شوقەو ڤێلایانەی بە ئاسماندا چونە، بۆ سپیکردنەوەی پارەو خێر و داهاتەکەشی بۆ گیرفانی حیزب و بەرپرسەکانییەتی.
تائێستا نەک پرۆژەی گونجاو نەگەیشتوەتە شوێنە دورە دەستەکان وەک هەندێک گوندو شارۆچکە، بگرە لەناو شارەگەورەکانیش پرۆژە گشتییەکان لەپاشەکشەدان، شەقامە سەرەکیەکانیش پڕن لەچاڵ و چۆڵی، بەرهەمی ئەم دوو حیزبە ئێستاو دوای 33 ساڵ حکومڕانی هاوردەکردنی درۆنە بۆ سەر یەکتری، ئەمانە ئاسمانیشیان کردوە بە دوو ئاسمان و زەویشیان کردوە بەدوکەرتەوە، پرسیار زۆرەو بێ وەڵامیش دەمێنینەوە.
ئێستاش پارتی و یەکێتی بەوەوە نەوەستاوەن، کوڕی بەرپرسەکانیشیان بەرداوەتە گیانی خەڵک، کوشتن و بڕین، ڕاوو ڕوت و دزی جەردەیی، هەمو ئەمانە بەرهەمی سیاسەتی پارتی و یەکێتین.
ئێمە دەپرسین بەرهەمی 33 ساڵەتان چیە؟ ئێوە تەنها هاتون بەشێکی خەڵکی زۆرتان کردوە بەموچەخۆر و موچەخۆری بندیوار، کۆمەڵگاتان کردووە بە کۆیلە، تاکو کەس نەتوانێت ووشەیەکتان لەسەر بڵێت.
سەدام دوژمن بوو، خەڵکی ئەنفال کردو دێهاتەکانی ڕوخاند، ئەی ئێوە چیتان کرد؟! ئێوەش دوبارە بونەوە هۆکاری کاولکردنی دێهاتەکان و چۆڵکردنیان.
جارێک لەدێیەک لەبەرنامە بوم لەسەردەمی خۆنیشاندان و گردبونەوەی فەرمانبەرانی سلێمانی، دێهاتنشینێک پێی وتم؛ “حکومەت بە ئێوە ناڕوخێت، پارتی و یەکێتی ئێمە ڕامان گرتوە، ئێمەی دێنشین کەسمان لە ٧٠٠ هەزار دینار بۆ ٩٠٠ هەزار دینار کەمتر وەرناگرین ئیتر چۆن دێڵین بڕۆن ئەم دوو حیزبە” ئەمە قسەیەکە لێکدانەوە زۆر هەڵدەگرێت.
ئەمەی سەرەوە من نوسیومە. گۆڕانیشی لێ بێ بەری نیە، ئەویش وەک یەکێتی و پارتی بەرپرسیارە، چونکە دەکرا شتێک بکات، کە هەر نەبێت ئەو هەموو نادادیە بوەستێنێت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕانیش تولەماری بەخێوکرد تاگاز لەخۆی بگرن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *