د. جەعفەر عەلی
بایکۆتی پرۆسەی خوێندن بەردەوامە و بە هیچ پێوەرێکی زانستی و پەروەردەییش، خوێندنی ئەمساڵ (٢٠٢٣-٢٠٢٤) لەم سنورەدا، کەڵکی ئەوەی نەماوە لە سفرەوە دەستپێبکرێتەوە، واتە دەبێت بیر لە درێژەدان بە ململانێکە بە تاقیکردنەوەی شێواز و فۆڕمی جیاواز بکرێتەوە، یان ڕەنگە باشترین بژاردەی بەردەمی مامۆستایان لە ئێستادا، بریتی بێت لە هەوڵدان بۆ زیادتر بەدەستهێنانی پشتیوانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دی، کە هەمان کێشەی مامۆستایانیان هەیە، واتە هەوڵدان بۆ گەورەکردنی ڕوبەری ناڕەزایەتییەکان و درێژەدان بە ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتێک، کە هیچ بەهایەک نە بۆ ژیانی مرۆڤەکان، نە بۆ پرۆسەی خوێندن و سیستمی پەروەردە، نە بۆ هیچ ناڕەزایەتییەکی پیشەیی، مەدەنی و جەماوەریش دادەنێت. دەسەڵاتێک بۆی گرنگ نییە، ناڕەزایەتی داکۆکییە لە مافێکی ڕەوای یاسایی یان نا، سەدان هەزار خوێندکار ساڵێکی خوێندنیان بە فیڕۆ دەچێت یان نا، بەڵکو تەنیا حەز بە بیستنی ئەو وشە و ڕستانە دەکات، کە هەندێک کەسی هەلپەرست بە ئامراز و میکانیزمی جیاجیا لەبەر قاپی دیوەخانی دەسەڵاتدا، نابەرپرسیارانە هەڵیدەڕێژن. هەر کارەکتەرێکی سیاسی و هەر دەسەڵاتێک لە دونیادا، بە ستایشی خۆی، هەق بێت یان ڕیاکارانە، دڵخۆش بێت، دەسەڵاتێکی نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەرە.
ناڕەزایەتییەکان وەرزێکی تەواوی ساڵی خوێندنی تێپەڕاندوە. بۆیە لە ئێستادا پرسیارە کرۆکییەکە بریتی نییە لەوەی، بایکۆت بشکێنرێت، یان بەردەوام بێت، چونکە ئەگەر مامۆستایان سبەی بایکۆت بشکێنن و بڕیار بدەن بۆ وەرزی دوەم بچنەوە پۆلەکانی خوێندن، بەگوێرەی هەر پێوەرێکی زانستی پەروەردەیی و هەر ستانداردێکی جیهانیش، خوێندن لەم سنورەدا بۆ ئەمساڵ کۆتاییهاتوە. ئەگەر ئەمڕۆ دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە، پرۆسەکە هەر شکستیخواردوە، چونکە لێکەوتەکانی بایکۆت و ئەو کاتەی لە دەستچوە بڕیار لە شکستی پرۆسەکە دەدات، نەک دەستپێکردنەوەی نمایشێک بە ناوی خوێندن و تێپەڕاندنی ساڵێکی تەواوی خوێندن بە چەند مانگێکی کەم.
ئەگەر ئەمڕۆ قوتابییەکی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بگەڕێنیتەوە بۆ سەر کورسی قوتابخانەکەی، هێز نییە بتوانێت ئەو بناغەیەی لە فێربونی (ئەلفبێ)دا بۆ دابنێت، کە لە ماوەی ساڵێکی پڕی خوێندندا فێری دەبێت، بۆ قوتابییەکی پۆلی دوازدەش گرفتەکە کەمتر نییە، بێگومان تەواوی قۆناغەکانی نێوان ئەم دوانەش، زیانی گەورەیان بەرکەوتوە، تایبەت کاتێک پرۆگرامەکانی خوێندن وەک ئەڵقەکانی زنجیر بەیەکەوە بەسترابنەوە و لە ڕوی زانستی و پەروەردەییەوە یەکدی تەواو بکەن. واتە ئەگەر لە ئێستادا سەرجەم داواکاری مامۆستایان و وانەبێژانیش جێبەجێ بکرێت، هێشتا لە ڕوی پەروەردەییەوە باشتر دەبێت دەستپێکردنەوەی خوێندن لەم سنورەدا بخرێتە دەرەوەی گفتوگۆی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، تەنیا لە یەک حاڵەتدا نەبێت، ئەویش درێژکردنەوەی ساڵی خوێندن و قەرەبوکردنەوەی کۆی ئەو کاتەیە کە لە دەستچوە، چونکە بەدەر لەوە هەر قسەکردنێک لە بابەتێکی پەروەردەیی و گرنگی وەها، هەم لە خەمخۆرییەوە نییە، هەم نائاگایی بە زانستیبونی پرۆسەکەی تێدا دەبینرێت، یان ڕێک وەک ئەوە وایە، وەزارەتی پەروەردە منداڵێکی شەش ساڵەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بهێنیت، قورساییەکی پەنجا کیلۆیی بخاتە کۆڵ و داوای لێبکات بۆ نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەی وەزارەتی سەربخات. هەموان دەزانین داوایەکی لەم چەشنە چەند لە توانابەدەر و بێمانا، چەند نامرۆڤانە، چەندیش ناپەروەردەیی و نادادپەروەرانەیە. هەوڵدان بۆ فێرکردنی منداڵێک بە (ئەلفبێ) لە ماوەی شەست بۆ حەفتا ڕۆژدا، لەبری سەد و پەنجا ڕۆژ، ڕێک وەک ئەوە وایە، داواکردن بە هەڵگرتنی قورساییەکە چەند زیان بە جەستە و دەرونی منداڵەکە دەگەیەنێت، ئەو (ئەلفبێ)یەش هەمان قورسایی و زیان دەخاتە سەر توانای وەرگرتن و فێربونی منداڵێک لە ماوەیەکی کورتی وەها و لەو تەمەنەدا. دۆخی لەم جۆرەش لە هەر دەزگا و ناوەندێکدا بکرێت گونجاو نییە، چجای لە ناوەندی پەروەردە و فێرکردندا ڕوبدات.
بۆ هەمو مرۆڤێکی ویژدان زیندو ئەوە ڕونە، دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم و هاوکارەکانی، بەرپرسیاری یەکەمن لەم دۆخەی ئێستا و کۆی ئەو قەیرانە پەروەردەییەش ساڵانی دواتر بەهۆی بایکۆتەوە ڕوبەڕوی سیستەمی خوێندن دەبێتەوە. هاوشان و تەبا لەگەڵ ئەم خەمساردییەی دەسەڵات لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانیدا، ماوەیەکە گوتارێک خەریکی ئامۆژگاری و پێدانی ڕێنماییە، ئامۆژگارییەک هێندەی لە بانگەشەی داعییەکانی دەسەڵات نزیکە، هێندە پەنجە بۆ ڕیشەی گرفتە پەروەردەییەکە درێژ ناکات، یان ڕاستتر بڵێم لێی تێناگات و قسەیشی لەبارەوە دەکات. ئەم گوتارە لەبری بینینی هۆکاری سەرەکی کێشەکە، لە نائومێدی خۆی بە دۆخەکە و ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان، بە میتۆدی مانەوە لە ناو ڕوداوەکانی ڕابردو، دێت لەبری دەسەڵاتی سیاسی، یەخەی جوڵە مەدەنییەکە دەگرێت و هەوڵدەدات ناشیرینی بکات و بێ ئومێدی پەخش بکاتەوە.
شۆڕشگێڕانە، یان لە ناو دونیای وەهم و خەیاڵدا قسە ناکەم، بەڵام ئەگەر حاڵەت و دۆخێک بەرەو نائومێدی پەلکێشمان دەکات، ئەگەر شکست و ڕابردویەک بەرەو باوەشی بێ هیواییمان دەبات، دەبێ بزانین دۆخ و جوڵەی ئومێدبەخشیش هەن، هەر بونی ئەم ناڕەزایەتییانەی ئێستا و تەسلیم نەبون بە ڕۆحی پڕ غروری کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و هەمو ئەوانەش بە دەوری مێزی دەسەڵاتەوە عاقڵ و بێدەنگ دانیشتون، بۆ خۆی وانەی ئومێد و زیندوێتی بە کۆمەڵگە و هەمو ئەو دەنگ و ڕەنگانەش دەڵێتەوە، کە لە پشتی گوتاری نائومێدکردن و ڕەشبینییەکی بێ مەعریفییەوە وەستاون. چەمکەکانی ئومێد و نائومێدی وەکیەک زیانبەخش دەبن کاتێک لە بێ مەعریفەییەوە دێن، نائومێدی بێ مەعریفە، کوشتنی هیوا و تاریک بینینی سەرتاپای گۆشەکانی ژیانە، ئومێدی بەتاڵ لە مەعریفەش بە هەمانشێوە هەر تاریکی و وێرانەیی بە ژیان و کۆمەڵگە و جوڵەی مێژو دەبەخشێت، سەرەنجام ئەویش هێندەی کۆمەک بە گوتاری هەڵوەشان و داوەشین دەکات، هێندە ناچێتەوە خزمەتی بەرەوپێشچون و گۆڕانکاری.
نائومێدییەک بە پشتبەستن بە مەعریفەیەکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە بە دوای گۆڕان و جوڵەی پۆزەتیڤدا بگەڕێت، نائومێدییەکی دڵخۆشکەرە، ئومێدێکیش لە بێ مەعریفەییەوە هاتبێت، جگە لە نائومێدییەکی کوشندە و وێرانکەر، هیچی دیکەی لێسەوز نابێت. لێرەوە کاتێک هەمو هیوایەک بە گۆڕان و داهاتویەکی باشتر لە هۆشیاری ئینسان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا دەمرێت، ئیدی نە مانایەک بۆ خودی مرۆڤ و نە بۆ هیچ بزوتنەوەیەکی پیشەیی و کۆمەڵایەتیش دەمێنێتەوە. تا ئومێدێکی ئەرێنی هەبێت، جوڵە و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیش درێژەی دەبێت، مەرجیش نییە بەرهەمی ناڕەزایەتییەکان لە ماوەیەکی کورتدا ببینرێن، یان ناڕەزایەتی و جوڵە مەدەنی و هەروەها سیاسییەکانیش هەمیشە سەرکەوتوبن، بەڵام لە هەمو حاڵەتێکدا دیوێکی مێژویی پۆزەتیڤی خۆی دەبێت و دەشێ ڕوداوەکانی وەک وانەیەک بۆ سود لێوەرگرتن بمێننەوە.
کاتێک سەرکردایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە کەرەج دانیشتبون، خەونیشیان بە کورسی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەتێکەوە نەدیوە، کە هەولێر پایتەختەکەی بێت و ئەوان وەک بنەماڵە لەسەری دابنیشن. کاتێک تاڵەبانی باوک، لە ناوزەنگ و ئاوەژێ بو، خەونیشی بە چونە ناو کۆشکی سەلام و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری عیراقەوە نەدیوە، بەڵام ئەویش ڕویدا و بو بە ڕاستی. ئەو کاتەش کاسترۆ لە نوسینگە بچوکەکەیدا کاری پارێزەری دەکرد هەرگیز لەوە دڵنیا نەبوە، کە بە ٣٠٠ کەسەوە هێزەکانی بە سەرۆکایەتی گیڤارا ڕۆژێک دەچنە ناو هاڤانا و، خۆیشی نزیک بە پەنجا ساڵی تەواو لەسەر کورسی حوکمڕانی دادەنیشێت. خومەینی ئەو کاتەی لە نەجەف و پاریس دانیشتبو، ڕەنگە بە کەمترین شێوە بیری لەوە کردبێتەوە، ڕۆژێک بە عەبایەکی ڕەش و عەمامەکەیەوە دەبێتە ئایەتوڵڵا، بڕیار بەدەست، کەسی یەکەمی دەسەڵات و جێگرەوەی مەهدی چاوەڕوانکراو لە ئێران. نمونە زۆرن، نامەوێت بڵێم، دەشێ حاڵەتی لە شێوەی یەکێک لەم نمونانەی ئاماژەمان پێدان لە هەناوی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانەی هەرێم لە ئێستادا ڕوبدەن، بەڵام ئەگەری ڕودانی حاڵەتێکی وەها، یان بەخشینی ئومێدێکی وەها، لە خانەی مەحاڵ و کاری نەکردەشدا نییە، چونکە جگە لە پێشبینی، هێز نییە بزانێت دوای ساڵێک، یان چەند ساڵێکی دی، نە تەنیا ئەم هەرێمەی ئێمە، بەڵکو عیراقیش بەرەو کوێ دەڕوات و لە ناوچەکەدا چی ڕودەدات.
هەندێجار گۆڕانکارییەکان لەوە خێراتر و گەورەتر ڕودەدەن، کە ئێمە مەزەندەی دەکەین، کەوتنی چەندین بتی سیاسی و دیکتاتۆری مێژویی لە وڵاتانی عەرەبی، کەوتنی شای ئێران و سەدام، ڕەنگە بۆ زۆرێکمان بەر لە کەوتنیان وەک خەون و هیوایەکی نەزۆک هاتبێتە بەرچاو، بەڵام هەمویان بون بە ڕاستی و ڕویاندا. کەوتنی هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار چەندیش بەهێز بێت، مەحاڵ نییە، وەک چۆن هیچ جوڵە و ناڕەزایەتییەکی پیشەیی و کۆمەڵایەتیش نابێت بخرێتە نێو بازنەی لێکدانەوەی گوتاری نائومێدی گەورە و ڕەشبینی تەواو و بەتاڵ لە مەعریفەوە، چونکە هەمو جوڵە و بزوتنەوەیەک لە مێژودا، دەشێت دیوێکی ئەرێنی و یەکێکی نەرێنی هەبێت، بۆیە بینینی تەنیا دیوێکی ڕوداوەکە و فەرامۆشکردنی دیوەکەی دی، هیچ پەیوەندییەکی بە لێکدانەوەی بابەتییەوە نابێت و دەبێتە دەربڕینی سەرنجی سادە و کورتبینانە لە ژێر کاریگەری هەندێک پاڵنەری سیاسی، یان بەرژەوەندی تایبەت، هەندێجاریش بێ ئومێدی خودی کارەکتەرێکی قسەکەرە لەبارەی جوڵەی مەدەنی بەگشتی، کاتێک هەوڵدەدات لەسەر بنەمای بێ ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ڕابردو، بێ ئومێدی ناخی خۆی بە دۆخەکە بگواسێتەوە بۆ نێو پانتایی ناڕەزایەتییەکان و بە هەمان دیدی بێ ئومێدییەکی کوشندەشەوە سەرنجی خۆی لەبارەوە بدات و ئەنجامگیریش بکات.
ئەوەی ئێستا لە سنوری سلێمانی و دەوروبەریدا ڕودەدات، ڕوداوێکە سەد لە سەد لە ڕوی یاساییەوە مافی داکۆکی بە مامۆستایان و موچەخۆران دەدات. دەیان ساڵە، نە تەنیا لە بابەتی موچە، بەڵکو لە ڕوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کۆنتڕۆڵی حیزبی کۆی جومگەکانی ژیان و کۆمەڵگەوە، ناهەقییەکی گەورە بەرانبەر کۆی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم نیشتمانە دەکرێت، جگە لە پێوەری حیزبی و شەخسی، هیچ پێوەرێکی نیشتمانی و هاوڵاتیبون بۆ هیچ ڕکابەری و مافێک لەبەرچاو ناگیرێت. چەندین ساڵیشە، تەواوی موچەخۆران کەوتونەتە بەر پەلامار و چوارچێوەی دۆخێکی نەخوازراوەوە، جگە لەوەش بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی قانونی دەست بۆ مافێکی ڕەوای مامۆستایان و تەواوی موچەخۆران براوە، بەڵام بەشێک لەو موچەخۆرانە بڕیاریانداوە چیدی ئەم بێ یاسایی و غەدرە قبوڵ نەکەن، ئەوەش مافی مەدەنی و پیشەیی هەر توێژێکی کۆمەڵایەتییە کە هەڵوێستێکی لەم جۆرەی هەبێت، بەڵام کاتێک موچەخۆرانی دیکە، زانکۆکان و دەزگاکانی دیکەی حکومەت دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن، مانای ئەوە نییە ئەوەی مامۆستایانی پەروەردە دەیکەن هەڵە بێت، بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە، دەبوایە کۆی ئەو موچەخۆرانەش بەشێک بوایەن لەم ناڕەزایەتییانە و بە تەنیشت مامۆستایانەوە داوای مافی بە ناهەق خوراوی خۆیان بکردایە.
دەسەڵاتی نەخۆش، لە جەستەی مرۆڤی نەخۆش دەچێت، چۆن مرۆڤی نەخۆش پێویستی بە چارەسەر هەیە، دەسەڵاتی نەخۆشیش پێویستی بە چارەسەرە، دەشێ ئەم هێزی چارەسەرە لە مرۆڤێکەوە بۆ یەکێکی دی و لە دەسەڵاتێکەوە بۆ دەسەڵاتێکی دیکە جیاواز بێت. هەندێجار مرۆڤ بە ڕاهێنانێکی سروشتی چارەسەر دەکرێت، بڕێک جاری دیکەیش پێویستی بە ڕێگەچارەی قورستر بێت، دەسەڵاتی سیاسیش هەر بەم جۆرەیە و دەبێت بەگوێرەی جۆری نەخۆشییەکەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. نەخۆشی و گرفتەکانی هەندێ دەسەڵات بە ڕێگەی جوڵەی مەدەنی و دیموکراسیانە چارەسەر دەکرێت، هەندێکی دی ڕێگەی چارەسەرەکەیان پڕ کێشە و قورسترن، یان لانیکەم کاتی زیادتری پێویست دەبێت و درێژخایەنترن، تایبەت ئەو دەسەڵاتانەی ڕەگەزەکانی مانەوە و بەردەوامی لە دەرەوەی خۆیان وەردەگرن، نەک هێزی ناوەوەیان. بەردەوامی و کەوتنی ئەم فۆڕمە لە دەسەڵات، پابەندی ئاڵوگۆڕ لە هاوکێشە ناوچەیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندایە، نەک بونی ڕەگەزەکانی هێز، ئیرادەی ناوەکی و ژێرخانی دەسەڵاتدارێتییەکەی لە ناوەوەدا.
سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم، دەشێ بەشێک لە چارەسەرەکەی لە جوڵەیەکی مەدەنی وەک ئەوەی ئێستای مامۆستایاندا بێت، یان دەشێت چارەسەرەکەی دوابخرێت بۆ جوڵە و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گەورەتر و گشتگیرتر لە داهاتودا. لەم هاوکێشەیەی نێوان دەسەڵات و بزوتنەوە مەدەنی و پیشەییەکاندا، دو خاڵی بنەڕەتی هەیە، یەکیان، دەسەڵات ناهەق و، دوەمیش، جوڵانەوە مەدەنییەکان لەسەر هەقن. ئەوەی مامۆستایان ئەنجامی دەدەن، بەشێکە لە چارەسەر بۆ دەسەڵاتێک، کە لە دروستبونییەوە بەشی هەرە گەورەی ئەندامەکانی جەستەی بەدەست نەخۆشی کوشندەوە دەناڵێنێت. ئەم چارەسەرە، چارەسەرێکی تەواو مەدەنی و هاوچەرخە، هەوڵێکی سەردەمیانەیە بۆ گەڕاندنەوەی مافێک، کە بە ناهەق زەوتکراوە، بۆیە بەردەوامی و درێژەپێدانی، هەم گرنگە و هەم ئومێدبەخش، ئەوەندە هەیە دەبێت بەگوێرەی کات و دۆخەکە، بیر لە پێداچونەوە بە جوڵەکە مەدەنییەکە بکرێتەوە، هەروەها پلان و بەرنامەی وردتر و گشتگیرتریش، بخرێتەڕو، بەجۆرێک چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و ئەو بەشەیش لە مامۆستایان کە بە کردەیی بەشداری چالاکییەکە نین، بهێنرێنە ناو ناڕەزایەتییەکانەوە. بە بڕوای من جگە لەوە لە ئێستادا، ئاڵتەرناتیڤی دیکەی گوشارخستنە سەر دەسەڵات لەبەردەستدا نابێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *