حسێن عەلی شەریف
ئەڵێن پارە خۆشبەختی ناهێنێت، کاتێکیش کەسێک پێچەوانەی ئەم قسەیە ئەکات، پێیئەڵێن: ئەوە نییە دەوڵەمەندەکان تەنها دوو مەتر کفن لە گەڵ خۆیاندا ئەبەن، یان ئەوە نییە دەوڵەمەندەکانیش نەخۆش ئەکەون!
یەکێک نەزانێت ئەڵێت، ئەوکاتەی کە هەژارێک ئەمرێت، قەنەفە و تەلەفزیۆنەکە لەگەڵ خۆیدا ئەبات، یان وەکئەوەی کە هەژارەکانیش هەرگیز نەخۆش نەکەون!
بەدرێژایی مێژوی دیاری مرۆڤایەتی پیاوانی ئاینی لە ناو ئەو پەرستاگانەوە کە گەرم و ڕۆشنن، بە سکی تێر و جلی جوانەوە، بەو خەڵکانە ئەڵێن کە لە تاریکدا شەو ئەبەنەسەر و قۆڕەی سکیاندێت لە برسا، خۆیان ڕاگرن و چاوەڕێی پاداشتی ئەو دونیا بکەن، لە کاتێکدا هەمیشە خۆیان لە تەڕیان خواردوە و لە وشکدا خەوتون!
خەیر بکە و بڕۆرە بەهەشت، مزگەوت و کەنیسە دروست بکە و لەو دونیا کۆشکێک وەرگرە، سەردانی ماڵی خودا بکە و گوناهەکانت بشۆرەوە، لێرەدا وادەرئەکەوێت ڕێگای بەهەشت بۆ دەوڵەمەندەکان ئاسناتر و کورتترببێت هەتا هەژارەکان!
لەم ماوەدا فەتاحی مام سمایل سەیری تەلەفزیۆنی کردبوو، بینیبوی کە بەرپرسێکی ئەم باشورە خەریکی بەجێهێنانی فەریزەی حەجە، ئەویش لەبەری خۆیەوە گوتبوی: ئای داخی گرانم چەن ساڵە وە ئاوی سارد دەستنوێژی بەیانیان ئەگرم، کەچی ئیساکانێ ئەمە وە حەجێک دایە بەرما و ئەڕواتە بەهەشت!
میمکە زێوای ژنیشی گوتبوی: ئائا خۆ خان نییە وەڵا دوو قولەی ناڕواتە بەهەشت.
مامە فەتاحیش گوتبوی: تۆ وەکو من خوا ناناسی، ئەیخاتە بەهەشت!
ئێستا ئەوانەی پارەیان هەیە، داوا لەوانە ئەکەن کە پارەیان نییە، سەری بەرزیان بۆ پارە نەوی نەکەن، ئەوانەی پارەی موفتی ئەم وڵاتە ئەخۆن داوای ئەوە لەوانە ئەکەن کە ژیانیان لەسەر موچەیەک وەستاوە، وڵاتپارێزی بکەن!
لە دونیای ئەمڕۆدا هیچشتێک بەبێ پارە ناکرێت، هەموشتێک نرخی لەسەرە، وەکچۆن مەسینەیەک نرخی لەسەرە، ئاواش مەسینەهەڵگرێک نرخی لەسەرە ئەویان بڕیک کەمتر و ئەمیان بڕێک زۆرتر!
ئەوکاتەی کە پارەمان لە گیرفانماندا نییە، دکتۆرەکان وەک ئاژەڵێکی دەردەدار سەیری نەخۆشەکانمان ئەکەن، ئەوکاتەی پارەمان لە گیرفانماندا نییە لە منداڵەکانمان خۆمان لائەدەین نەوەک شتێکیان پێویستبێت لە هەمو بانگێکی ژنەکانمان ئەترسین.
بەداخەوە چەرخی ژیان ئەمڕۆ بەوشێوەیە کە بەبێ پارە هیچشتێکت بۆ ناکرێت.
کاتی خۆی لە هەندێک دیواری ناوی دەوڵەمەندێکی شارەکەیان بە ناشیرینی ئەنوسی، ئەم قسە گەشتبویە لای کوڕی ئەو کەسە و ئەویش بە باوکی گوتبو کە ناویان بە خراپی نوسیوە.
باوکیشی لەسەرخۆی گوتبوی: کوڕم گوێمەدەرێ لەهەرکوێدا ئەوەت بینی نوسرابو، بە بیستوپێنج دینارییەک دایپۆشە!
پارە ئەگەرچی تەنک و بچوکە، بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا خراپی و ناشیرینیەکان دائەپۆشێت، هیچ هێزێک بە قەد هێزی پارە لە ئەمڕۆدا ناتوانێت کە عەیب و عار داپۆشێت، هەروەک چۆن ئێستا لەم سەردەمەدا هێج هێزێک نییە بە قەد هێزی پارە حەقیقەتی مرۆڤ ئاشکرابکات.
لەبەرانبەر عیشقدا پارە ئەیباتەوە و فرمێسک و گریان و خۆشەویستی دەیان ساڵ بە سەیارەیەکی جوان و خانویەکی بەرز ئەگۆڕدرێتەوە.
سیحری پارە لەم دونیایەدهێندە کاریگەرەا کە مرۆڤ خۆی لە پیناویدا ئەفرۆشێت، کوردەواریش گوتویانە: پارە بدە و مەلا لە مزگەوت دەربهێنە!
پارە بدە و هەڵبەستی شاعیرەکان و نوسین و نوسەرەکەش بکڕە، لە بازاڕی ئەمڕۆدا هیچشتێک نییە نەفرۆشرێت!
بە هەزاران گەنج خەونی ژیانی هاوسەرگیرییان لەبەر نەبونی زڕەی زێر و پارە پوچەڵئەبێتەوە.
بەڵێ ڕاستە دەوڵەمەندێک و هەژارێک نەخۆش ئەکەون، بەڵام نەخۆشی هەژارەکە دوای لێدانی دەرزییەکە ئەبێت لە بەردەم نەخۆشخانەکدا لەسەر خۆڵەکە پاڵبکەوێت تا هۆشی دێتەوە و دەوڵەمەندەکەش دەیان دکتۆری نامەرد بەسەر سەریەوە ماستاوی بۆئەکەن.
پرسەی هەژارەکان لە ماڵەکانیان ساردترە و پرسەی پارەدارەکان کەس نازانێت کێ خاوەن پرسەکەیە.
لە قورئانی پیرۆزدا هاتوە:
{ المال والبنون زينة الحياة الدنيا }
ئالێرەدا مال کەوتۆتە پێش بەنونەوە، کەواتە بەبێ مال ژیانی ماڵی هیچ کەسێکمان ژیانێکی شایستە بەمرۆڤ نییە.
لە بەرانبەر ناندا هەمو بەهاکانی تر ئەکەون، نانی ئەمڕۆش بەبێ پارە نایەتە دەست!
هەتا ئەوکاتەی نان بە پارەبێت و دەرمانی نەخۆشیەکانمان بەپارە دەستبکەوێت و پارە هۆکاری هاوسەرگیری کچ و کوڕەکانمان بن و پارە وەسیلەی پەیوەندی نێوان هاوڕێ و براکان بێت، ئەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنەین کە ئەوە پارەیە ئەمڕۆ ژیانی تاک بە تاکمان بەڕێوە ئەبات.
نەبونی پارەش ئەوەی نەشیاوە لای مرۆڤ شیاوی ئەکات!
ئیمامی عەلیش ئەفەرموێت:
ئەگەر هەژاری پیاوێک بوایە ئەمکوشت!
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *