ئەبوبەکر عەلی
کاك قوباد تاڵەبانی لە ڕۆژی شەهیدی یەکییەتیدا، لەڕوانگەی ژمارەی شەهید و مێژوەوە، یەکێتی بەم دو تایبەتمەندییەی خوارەوە پێناسەکرد:
١-حیزبی شەهیدان. ٢-موڵکی خەڵکی کوردستان.
ڕۆژی شەهیدی یەکێتیشی بە ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەقەڵەم دا. ڕونە زمانەکە مۆرکێکی ناسیۆنالستانەی بەسەردا زاڵبو، بۆنەکەش وا دەخوازێت. بەڵام ئەوەی بۆ تاڵەبانی و سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی گرنگە، وردکردنەوەو دیاریکردنی ئاماژەکانی ئەم دەستەواژانەو گۆڕینیانە بۆ نەخشە ڕێگەو دید و سیاسەتێکی ڕۆشن و چوارچێوەدار، چونکە دەستەواژەکان بە سەرنجدان لە واقیعی هەرێم و یەکێتی خۆی، نابێت مەبەست لێیان، تەنها وەسفکردنی ئەوە بێت کە هەیە، بەڵکو دەبێت وێناکردنێکی تایبەتی دواڕۆژو ئاواتخواستن و هەوێنی نەخشەڕێگەیەکی سیاسی بێت.
لێرەشەوە، ئەگەرستەواژەو وەسفەکان، وەك دیاریکردنی تەحەدای بەردەم یەکێتی( بەواتا توینبییەکەی) لەقۆناغی ئێستادا و پێویستی دوبارە خۆ بیناکردنەوەی فیکری وسیاسی ودەرونی وڕێکخراوەیی، وەك بەرەنجامێکی سروشتی خۆ پێناسەکردنەوە، سەیربکرێن ومامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، کەرەخنەلەخۆ گرتن وبەخۆدا چونەوەو خۆمشتوماڵکردنی جددی دەخوازێت، بۆ خۆیان و هەرێم و کوردستانیش گرنگی وبایەخێکی گەورەیان هەیە. چونکە چەندین شت لەیەکییەتی، وەك یەکێ لەهێزە دەسەڵاتدارەکەی سی ساڵی رابردومان، دەخوازێت، لەوانەش:
١- مامەڵەکردن بەڕۆحییەتی حیزبی شەهیدان، دیارە شەهید بەمانا نەتەوەییەکەی، کەئەوەش لێیدەخوازێت بەکردەوە هەڵگرو پارێزەری خەون وئاواتی شەهیدانی ڕێی ڕزگاری کوردستان بێت، کەلە ڕزگاری کوردستان وسەربەخۆیی، سەرفرازی گەلەکەی وهێنانەدی ئاشتی و ئاسایش ودادپەروەری وخۆشگوزەرانی، لەسایەی سیستمێکی دیموکراتی هاوچەرخدا بەرجەستە دەبێت، چونکە ئەوەی حیزبێ دەکات بەحیزبی شەهیدان لەگەڵ گرنگیدا، تەنها ژمارەی شەهیدەکانی نییە، بەڵکو پێش ئەوە، میراتگرتنی ڕێبازو ئاواتەکانیان و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە نێشتیمانی وئەخلاقیانەی ئەوان لەپێناویاندا گیانی خۆیان بەخشیوە.
٢- خۆی بە موڵکی خەڵکی کوردستان بزانێ، واتە، ئەوە بکات خەڵك وهاوڵاتیان لێیدەخوازن وبەرنەوەندی ئەوانی تێدایە، کە بەجەوهەری سەرەتای نیشتیمانپەروەرێتی مافخوازو حیزب و حکومەتێکی دیموکراسی لەقەڵەم دەدرێت. ئەوەش دەخوازێت یەکێتی بەکردەوە ئامرازی خزمەتکردنی گەل ونیشتیمان وهاوڵاتیان بێت، نەك ببێتە ئامانج،خەڵکیش بەوجۆرە بڕوانێتە رەفتارو سیاسەتکردنەکەی وئەوشایەتیەی بۆ بدەن.
٣- بڕوابون بەوەی سروشتی پەیوەندی نێوان ئەو کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان، پەیمان و گرێبەستە، ناوەرۆکی پەیمانەکەش چەندین پرس وبەڵێن لەخۆ دەگرێت، لەوانەش: پابەند بون بە چەسپاوە نیشتیمانیەکان، وەڵامدانەوە بە خواستەکان ، پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان و گەشەپێدانیان، کۆتاییهێنان بە سەرچاوەی لاوازییە ستراتیژییەکان لەهەرێم وباشوری کوردستان، کە لە ناکۆکی سیاسی و دوبەرەکی، دابەشکاری، نادامەزراوەیی، گەندەڵی و ناعەدالەتی، نەبونی ستراتیژێکی نیشتیمانی و دەستورێکی مەدەنی و کۆمەڵگەیەکی سیاسی پێناسەکراو، هێنانەدی دەسەڵاتێکی ناوەندی و هەرێم و دامەزراوەگەلێکی حوکمڕانی بەهێزو خەڵکسالاردا،خۆیان دەبیننەوە.
هیوادارم بەم وشانە توانیبێتم سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم کە؛ قسەکردنی لەپێگەی لێپرسراوییەوە خستنەروی دیدگاو وێناکردن و، لێپرسراوێتی لەئەستۆگرتنە. دەستەواژە بەکارهێنراوەکانی تاڵەبانیش چاوەڕوانی و چاودێری و پێوەردان بەدەستی بەرامبەرەوە بۆ هەڵسەنگاندن وداوەریکردن و دیاریکردنی مسداقییەت لەداهاتودا، بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بەو ئەندازەی یەکییەتیش لە دوبارە خۆپێناسە کردنەوەو هێنانەدی ئەم وەسف وتایبەتمەندی وبەڵێنانە سەرکەوتو بێت، لەبەرژەوەندی کۆی دۆخە نیشتیمانی و چاکسازیخوازەکەیە، چونکە دیدمان بۆ یەکێتی هەرچی بێت، لەوڕاستیە ناگۆڕیت بەهۆی بونی هێزو هاوپەیمانی وقەڵەمرەو زۆنی کۆنتڕۆڵکراوەوە، لانی کەم لەچوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستادا، بەباش یان بەخراپ زۆر شتی وابکات، پەیوەندی بەژیان وچارەنوسی هەمومان ومەسەلەنەتەوەییەکەو ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *