٧رۆژ – تایبەت
پرۆژەی هێڵی ئاسنینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە ناو بە ناو دەبێتە بابەتی گەرمی میدیاکان و کار گەیشتوەتە ئەوەی وەزیری پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێم بە باسکردنی توڕە و نیگەران دەبێت و.. بڕیاری داوە لەبارەیەوە چیتر قسە بۆ میدیاکان نەکات.
پڕۆژەی هێڵی ئاسنین یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەر حکوومەتێک لە گۆشەیەکی دنیا بێت، بەو پێیەی کاریگەری گەورەی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کەرتی گەشتیاری و هاتوچۆی هاووڵاتیان دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان دۆخی ئابووری ئەوەندە سەخت و دژوارە پرۆژەی هێڵی ئاسنین لەوانەیە دوایین پڕۆژە بێت کە بە خەیاڵی دانیشتوانی هەرێمدا بێت کە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
سەرەڕای خراپی دۆخی ئابووری حکوومەت، بەڵام بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان سوورن لەسەر جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە و جەخت لەوەدەکەنەوە هەنگاوەکانی دیزاین کردن و پلان دانانی بەرەو کۆتایی دەچێت.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە هەر کارکردنێک لەو پڕۆژەیەدا زیانی ماددی گەورە بە حکوومەت دەگەیەنێت بەوپێیەی هیچ کۆمپانیایەک لەم دۆخەدا ئامادە نیە ٣تا ٤ ملیار دۆلار لە پڕۆژەکەدا خەرج بکات.
ئەو.. پێی وایە هەر خەرجییەک لە دیزاین و پلان داڕشتنیدا خەرج بکرێت تەنیا بە هەدەردانی داهاتی گشتییە.
پڕۆژەکە ململانێی سیاسی لە نێوان وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیسپانیا دروستکردووە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەت دەڵێت پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر هیچ پەیوەندییەکی بە نوێنەری حکوومەت لە ئیسپانیا نیە و نوێنەرەکەی حکوومەتیش دەڵێت ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی تەواو کردووە.
ئەوەی تا ئێستا دیارە ئەوەیە، هەرکات باسی پڕۆژەکە دەکرێت دەبێتە جێگەی تەنزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەش وایکردووە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەت لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیدا بە گرژییەوە قسەی لەسەر بکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *