٧ڕۆژ – تایبەت
هێشتا شەقامی سیاسی عێراق لە شۆکی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدایە کە چۆن لە دانیشتنێکی دادگای فیدڕاڵیدا بە یەکجاری لە پڕۆسەی سیاسی دوورخرایەوە.
ئەمە یەکەمجار نیە دادگای فیدڕاڵی دژی کارەکتەرە سیاسییەکان بڕیار دەربکات و لە پڕۆسەی سیاسی دووریان بخاتەوە.
دادگای فیدڕاڵی عێراق بەپێی دەستوور کاری یەکلاکردنەوەی ئەو دەقە یاساییانەیە کە لە نێوان دامەزراوە شەرعییەکانی وڵاتدا دەبنە جێگەی مشتومڕ.. بەڵام ..ئێستا بووەتە چەکێکی مەترسیدار بە دەست شیعە وەلائییەکانەوە و هەر جارە و نەیارێکی خۆیانی پێ لەناودەبەن.
ساڵی ٢٠٢٢ دادگاکە لەسەر و بەندی مشتومڕەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بڕیارێکی دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم یەکلاکردەوە کە زیاتر لە ٢ ساڵ بوو تۆمارکرابوو.
ئەو بڕیارە یەکەم بڕیاری دادگاکە بوو کە راستەوخۆ لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دا.
بە دوای ئەودا زنجیرەیەک بڕیاری دیکەی هاوشێوە دژی پارتە کوردییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەرکران.
مەسعود بارزانی لە دوای دەرچوونی بڕیاری بە نادەستووری زانینی هەناردەی نەوتی هەرێم دادگاکەی بە دادگای سەورەی حیزبی بەعسی وەسف کرد.
دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی لەلایەن دادگاکەوە دوای ئەو هەوڵە بەردەوامانە دێت کە شیعەکان ماوەی نزیکەی ساڵێکە بۆ لادانی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستیان پێ کردووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە تەواوی ئەو بڕیارانەی لە ماوەی رابردوودا دادگە دەریکردوون لە دژی کورد و سوننە و بەشێک لەو لایەنە شیعانە بوون کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێرانییەکان باش نیە و دژی گرووپە وەلائییەکانن،.. ئەوەش گومانی گەورەی لەسەر ئەدای کارەکانی دادگاکە دروستکردووە.
ئەوەتا لەسەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بۆ رێگری کردن لە موقتەدا سەدر و هاوپەیمانەکانی لە پێکهێنانی حکوومەتدا .. دادگاکە بڕیارێکی لەسەر ژمارەی یاسایی ئەندامانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەرکرد بەوەش رێگری گەورەی لەبەردەم زۆرینەدا دروست کرد و کارئاسانی بۆ وەلائییەکان کرد کە جارێکی دیکە حکوومەت کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
بۆیە بە بڕوای شارەزایان دادگاکە بە تەواوی لەلایەن ئێرانییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە .. ئەوەش مەترسی گەورە لە سەر کورد و سوننەکان دروست دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *