٧ڕۆژ – تایبەت
لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە لەسەر کورسیەکەی هێنرایە خوارەوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بڕیارەکە، شۆکێکی خستە ناو دۆخی سیاسی و ئاڵۆزی عێراقەوە کە پێ دەچێت بەمزوانە کاردانەوەکانی لەسەر ساحەی سیاسی دەربکەون.
لەگەڵ ئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەپێی دەستوور یەکلاکەرەوەن و جێگەی تانەدانیان نیە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پرسیاری زۆر لەسەر ئەدای دادگاکە دروستبووە و وەک دادگایەکی مل شکاندنی سیاسییەکان سەیر دەکرێت.
بڕیارەکە بەهۆی سکاڵای پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە هاوکار و دۆستی خودی حەلبووسی بووە دەرچووە.
دۆسیەکە پەیوەندی بە دوور خستنەوەی لەیس دلێمی پەرلەمانتاری حیزبی پێشکەوتنەوە هەیە کە بە دەستلەکارکێشانەوەیەکی ساختە لەلایەن حەلبووسییەوە دوورخرایەوە.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە کاریگەری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبێت و ببێتە هۆکارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە تایبەت کە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردووە.
لە یەکەم کاردانەوەی بریارەکەدا بڕیارە سێ وەزیری سوننەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشكەش بە سودانی بکەن کە ئەوەش کێشەکە بۆ ناو حکوومەت دەگوازێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ٧رۆژ پێش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دوورخستنەوەی حەلبووسی پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پێشخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان خراوەتە ڕوو بەڵام کۆ دەنگی سیاسی لەسەر دروست نەبووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ٧رۆژی وت ئەو پێشنیازە لە سەردانەکەی سودانی بۆ هەولێر لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد تاوتوێ کراوە.
سەرچاوەکە وتیشی بەرپرسانی هەرێم وەڵامی ئەرێنیان لەسەر پێشنیازەکە نەبووە و دژایەتیشیان نەکردووە.
محەمەد حەلبووسی گەنجترین سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو کە خولی دووەمی پەرلەمانی سەرۆکایەتی دەکرد بەڵام بەهۆی ژمارەیەک دۆسیەی ئەمنی و گەندەڵییەوە خواستێکی زۆر بۆ دوورخستنەوەی لەلایەن سوننە و شیعەکان لەدژ دروستبوو.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *